لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق پێشنیازە یاسایەكی سەبارەت بە مۆڵەتی ئاسایی فەرمانبەران بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوە، بەپێی نووسراوی لیژنەكە، لیژنەكە داوای كردووە بە دانانی پێشنیازە یاساكە لە كارنامەی پەرلەمان بە مەبەستی ئەنجامدانی یەكەم خوێندنەوە.
بەپێی پێشنیازەكە، وەزیر یان پارێزگار دەتوانێت مۆڵەتی ئاسایی بۆ ماوەی پێنج ساڵ یان زیاتر لەسەر داوای فەرمانبەری هەمیشەیی لەوانەی راژەیان لە ساڵێك زیاترە بدات، 50% مووچەی بنەڕەتی بۆ خەرج دەكرێت، ئەو فەرمانبەرەی مۆڵەتەكەی وەرگرتووە، دەتوانێت دوای تێپەڕ بوونی نیوەی ماوەی مۆڵەتەكە، هەڵی وەشێنێتەوە، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی پێش ئەو ماوەیە بە مۆڵەتی بێ مووچە بۆی حسێبە و دەبێت ئەو نیو مووچەی وەری گرتووە بیگەڕێنێتەوە.
هەروەها وەزیر دەتوانێت مۆڵەتی ئاسایی بێمووچە بۆ ماوەی شەش مانگ و زیاتر لەسەر داوای ئەو فەرمانبەرە بدات كە ساڵێك و زیاتر خزمەتی كردەنی هەبێت، فەرمانبەر دەتوانێت دوای تێپەڕبوونی نیوەی ماوەكە مۆڵەتەكە هەڵوەشێنێتەوە، بە رەچاوكردنی ئەوەی لە شەش مانگ كەمتر نەبێت، ماوەی مۆڵەتەكەش بۆ خزمەتی خانەنشینی حسێبە، بەڵام دەبێت بڕینەكانی خانەنشینی بدات، هەروەها ئەو بڕوانامانەی فەرمانبەرەكە لە كاتی مۆڵەتەكە بەدەستی دێنێت، بۆی حسێب نابێت، جیا لەوە فەرمانبەری مۆڵەتدراو بۆی هەیە لەو ماوەیە لە كەرتی تایبەت كار بكات.