خەریكە وەرزی ئەمساڵی دروێنەی بەرهەمی گەنم دەست پێ دەكات، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق وادەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی بۆ وەرزی 2025-2026 راگەیاند، كە لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاست لەم مانگە و لە باكور و هەرێمی كوردستان لە مانگی داهاتوو دەست پێ دەكات.
بەپێی بەیاننامەیەكی
وەزارەتەكە، وەزارەتەكە بڕیاری داوە بە دەستكردن بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە 20ی ئەم مانگە، لە پارێزگاكانی باكور و هەرێمی كوردستان لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتوو، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی، بۆ ئەو مەبەستە شوێنی وەرگرتن ئامادەیە و رێوشوێنەكانی وەرگرتن و خەرجكردنی پارەی جووتیاران خێرا دەكرێن.
دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا نرخی تۆنێك گەمی وەرگیراو لە چوارچێوەی پلانی كشتوكاڵی 700 هەزار بێت، بۆ بڕە گەنمەكانی لە دەرەوەی پلانەكە وەردەگیرێن بۆ هەر تۆنێك 500 هەزار دینار بێت، سەبارەت بە هەرێمی كوردستان، پشكی وەرگیراوی لە گەنمی ئەمساڵ 400 هەزار تۆنە، 292 هەزار تۆنی لە چوارچێوەی پلانی كشتوكاڵی و 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلانەكە.
وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكات قەبارەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران بگاتە زیاتر لە 2.5 ملیۆن تۆن، ئەوەش بەهۆی زۆریی بارانی ئەمساڵ، هیوا عەلی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتەكە دەڵێت، زۆریی باران وای كردووە كوالیتی گەنمی ئەمساڵ زۆر بەرز ببێتەوە و بەمنزیكانە وەرزی دروێنە لە دەشتی هەولێر و مەخموور دەست پێ دەكات.