تا ئێستە هەزار و 600 كەشتی گیریان خواردووە و 32یش هێرشیان كراوەتەسەر

:: AM:10:13:07/05/2026 ‌
تۆڕی سی ئێن ئێن بڵاوی كردووەتەوە، تا ئێستە هەزار و 600 كەشتی لە نزیك گەرووی هورمز گیریان خواردووە، كۆمپانیاكانی گواستنەوە لە دۆخێكی خراپدان و تێچوویان یەكجار زۆر بووە و جووڵەكانیان پڕە لە مەترسی، بۆیە بێ هیچ ئارامگرتنێك چاوەڕوانی دەرچوونی كەشتییەكانیانن لە گەرووی هورمز.

سی ئێن ئێن نووسیویەتی، جیا لەو ژمارە زۆرەی كەشتی كە گیریان خواردووە، لە سەرەتای جەنگیشەوە تا ئێستە 32 كەشتی هێرشیان كراوەتەسەر، ئەمەیش زیانی ملیۆنان دۆلاری بە كۆمپانیاكانی گواستنەوە و لۆجستی گەیاندووە، لە تەك ئەوەیشدا ئەو كۆمپانیایانەی گواستنەوە گرێبەستیان هەیە بۆ گواستنەوەی كاڵاكان، بەڵام بەهۆی وەستانی جووڵەی كەشتیوانی، ناتوانن پابەندی گرێبەستەكان بن و تووشی تەنگژەی دارایی قووڵ دەبنەوە.

جین سیرۆكا بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بەندەری لۆس ئەنجلس دەڵێ، جووڵەی كەشتییەكان ئەگەر بە یاوەری هێزەكانی ئەمەریكایش بێ، پێویستە زۆر بە وردی جووڵە بكەن و هەنگاو بهاوێژین، پێویستیان بەوەیە متمانەی زۆریان پێ بدرێت، تا بەوپەڕی ئارامییەوە گەرووی هورمز تێپەڕ ببن.

لە ئەنجامی ئەو 32 كەشتییەیش كە هێرشیان كراوەتەسەر، 10 كەس گیانیان لە دەست داوە و 12ی تریش بەلایەنی كەمەوە بریندار بوون، رێكخراوی دەریاوانیی دنیا پشتڕاستی ئەو زانیارییانە دەكاتەوە و لەگەڵ كەشتییە گیرخواردووەكان لەسەر هێڵن و داوایان لێ دەكات لەوپەڕی وریاییدا بن.

پڕۆژەی ئازادی كەشتیوانی ئەمەریكا لە گەرووی هورمز، ڕۆژێكی بەسەر تێپەڕی و دواتر ترەمپ بەشێوەیەكی كاتی هەڵیپەسارد، بەڵام ڕێكخراوی دەریاوانی دنیایی دووپات لەوە دەكاتەوە و كەشتییەكانی ئاگەدار كردووەتەوە، كە ئەمە چارەسەرێكی گونجاو و ماوە درێژ نییە و پێویستە زۆر وریا بن لە هەر جووڵەیەك.


وشە - باز ئه‌حمه‌د