گۆڤاری گڵۆباڵ فینانسی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا پێشبینی دەكات، ناسەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راستەوخۆ كاریگەریی نەرێنی بۆ سەر لبنان و میسر و عێراق هەبێت. دووپاتیشی دەكاتەوە عێراق لە هەموو وڵاتەكان زیاتر بە شەڕ و گرژییەكان كاریگەر دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی ئایار، گۆڤاری
گڵۆباڵ فینانسی ئەمەریكی راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە بە ناونیشانی: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاراستە سەرەكییەكی 2026. لە راپۆرتەكە باس لەوە كراوە بەهۆی لاوازی بنیاتی ئابووری گرژیی و شەڕەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەكی سەرەكی، كاریگەریی بۆ سەر سێ وڵات دەبێت، ئەوانیش هەریەكە لە میسر و لبنان و عێراقن.
لەبارەی عێراق خاڵی هەرە دیار كە دووپاتی لەسەر دەكرێتەوە ئەوەیە، عێراق بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بەرز و نزمیی زۆر بە خۆیەوە دەبینێ و هەروەها كێشەی گواستنەوەی نەوت هەیە. هەموو ئەمانە وا دەكات پەرەپێدان لە كەرتی وزە نەكرێت، چاكسازی ئابووری و دارایی لە عێراق نەكرێت، بۆیە 2026 ساڵێكی ئابووری سەخت دەبێت.