لەگەڵ ئەوەی گەشتی فڕۆكەوانی لە هەرێمی كوردستان كەمبووەتەوە، بەڵام نرخی بلیتی فڕۆكە بە ڕێژەی زیاتر لە 20% بەراورد بە پێشوو بەرز بووەتەوە.
"وشە" بە دواداچوونی لەناو نووسینگەكانی فڕۆكەوانی لە هەولێر كرد و گەیشت بەوە كە زۆرینەی نووسینگەكانی فڕۆكەوانی بەهۆی نەبوونی هێڵی فڕۆكەوانی دوو مانگی رابردوو نووسینگەكانیان داخستبوو، بەڵام لەسەرەتای مانگی ئایار بەشێكی زۆر لە نووسینگەكان دەستیان بە كاركردن كردووەتەوە.
شوان خدر خاوەنی نووسینگەی فڕۆكەوانییە لە هەولێر، بۆ "وشە" گوتی، لەكاتی جەنگی ئێران و ئەمەریكا تا سەرەتای مانگی ئایار نووسینگەكەیان بەهۆی نەبوونی هێڵی فڕۆكەوانی داخست بوو.
ڕوونیشی كردەوە كە ئێستە لەگەڵ ئەوەی نووسینگەكان كراوەن، بەڵام گەشت بۆ دەرەوە كەمی كردووە و خواستی لەسەر نییە، لە پاڵ ئەوەیشدا نرخی بلیتی فڕۆكە بەڕێژەی 20% زیاتر بەراورد بە پێش جەنگ بەرز بووەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئێستە بەرەو وەرزی گەشت كردنین، بەڵام پێدەچێ جەنگ بە تەواوی كاریگەری لەسەر دانابێت و هێشتا خواستی گەشتی وڵاتانی دەوروبەر لە هەرێمی كوردستانەوە زۆر كەمە.
لەلایەكی ترەوە عەتا ئەنوەر سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی رای گەیاند، لە دوای جەنگەوە كە نرخ بەرزبووەتەوە هێشتا بەرزە و دانەبەزیوە، لە هەمان كاتدا بەهۆی دۆخی ناوچەكەوە گەشتیش كەم بووەتەوە و خەڵك گەشت ناكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە رۆژ هەیە تەنیا پێنج گەشتیار هەیە، بەدڵنیاییەوە فڕۆكە بۆ پێنج گەشتیار كار ناكات و لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە.
ئەو نمونەی بەوە هێنایەوە كە پێش جەنگ بلیتی فڕۆكە لە سلێمانییەوە بۆ ئیسپانیا بە ترانزێت بە 450 دۆلار بوو، ئێستە بە 650 بۆ 700 دۆلارە.
"وشە" لەبارەی بلیتی فڕۆكەی توركیا پرسیاری كرد كە لە هەرێمی كوردستانەوە زۆرترین گەشت بۆ ئەو وڵاتە دەكرێت و دەركەوتووە كە بلیتی هاتن و چوونی توركیا بە 150 دۆلار بووە، كەچی ئێستە بە 56 دۆلارە.
ئەوە ئاشكرا كراوە كە پێش 28ی شوبات كاتێك جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمەریكا- ئیسرائیل رووی نەدابوو، نرخی گاڵۆنێك بەنزینی فڕۆكە كە 8.3 لیترە، لە نێوان دوو بۆ چوار دۆلاردا بووە، بەڵام لە دواتر نرخەكەی لە نێوان پێنج بۆ حەوت دۆلار بەرز بووەتەوە.
لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە وەرزی هاویندا خواست لەسەر گەشت زیاتر دەبێت، بەتایبەت بۆ وڵاتانی دراوسێ و لە نێویاندا بە دیاری كراوی توركیا، بەڵام پێدەچێ گرانی نرخەكان و ترس لە سەرهەڵدانەوەی جەنگ ئەمساڵ گەشتیاری بەراورد بە ساڵانی پێشوو كەمتر ببێتەوە.
لە هەرێمی كوردستان دوو فڕۆكەخانەی فەرمی هەیە كە هاووڵاتییانی مەدەنی دەتوانن گەشتی تێدا بكەن ئەویش فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و فڕۆكەخانەی سلێمانییە / ماوەی چەند ساڵێك وەك سزا لەلایەن توركیاوە داخرابوو/، بەڵام لەكاتی جەنگدا هەردوو فڕۆكەخانە گەشتەكانیان راگرتبوو، لە پاڵ ئەوەیشدا دەیان نووسینگەی فڕۆكەوانی و گەشتوگوزار هەن كە كار لەسەر وەرگرتنی ڤیزا و بلیتی فڕۆكە بۆ هاووڵاتییان دەكەن.