لیژنەی دارایی: مووچەی شەش مانگ گەرەنتی كراوە

:: PM:12:06:12/05/2026 ‌
لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەم 12ی ئایار، دووپاتی لەوە كردەوە كە مووچەی فەرمانبەران پارێزراوە و ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەش پێوەستە بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێوە. ئاماژەی بەوەش كرد كە عێراق بۆ دابینكردنی مووچە پێویستی بە زیاتر لە حەوت تریلیۆن دینار هەیە.

عودەی عەواد ئەندامی لیژنەی دارایی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بانكی ناوەندیی عێراق بەڵێنی داوە بەپێی "یاسای داشكاندنی یەدەگ"، پارەداركردن و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران لە ئەستۆ بگرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، هەر كاتێك حكوومەت پێكبهێنرێت، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی (2026) ڕەوانە دەكرێت. هەروەها ئاماژەی بە هەبوونی دەسەڵاتی قەرزكردن كرد بۆ كەمكردنەوەی قەبارەی قەیرانەكە، بەتایبەتی لە سایەی نادیاریی چارەنووسی كردنەوە یان نەكردنەوەی گەرووی هورمز.

عەواد ڕوونیشی كردەوە، عێراق مانگانە پێویستی بە زیاتر لە حەوت تریلیۆن دینار هەیە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران. دڵنیاییشی دا كە بەپێی یاساكەی بانكی ناوەندی، مووچە بۆ ماوەی شەش مانگ دەستەبەر كراوە.



وشە - سۆران عەزیز