شارەزایان: دەركردنی یاسای نەوت و غاز كلیلی سەقامگیریی پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدایە

:: PM:08:18:12/05/2026 ‌

بڕیارە لە ماوەی ئەم هەفتەیە حكوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی بێتە پێكهاتن و لە پەرلەمان متمانەی پێ بدرێت، ئەو لە دوای راسپاردنی سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و یەكێك لە داواكارییەكانی كورد لە حكوومەتەكەی دەركردنی یاسای نەوت و غاز بوو، كە هەمان داواكاری لە كابینەكانی پێشتر هەبووە، شارەزایان پێیان وایە چارەسەركردنی ئەو بابەتە پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا سەقامگیر دەكات.

ساحیب بەزوون گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی نەوتی عێراق دووپاتی كردەوە كە دۆسیەی نەوت و غاز و كێشەكانی لە نێوان هەولێر و بەغدا بەتەواوەتی سەقامگیر نابێت تەنیا لە دوای دەركردنی یاسای نەوت و غاز نەبێت لە پەرلەمانی عێراق، ئەگەرچی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان لەبارەی ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت هەیە.

زیاتر گوتی، رێككەوتن و بڕیاری سیاسی لە نێوان هەردوو لایەن هەیە، بەڵام دەركردنی یاسای نەوت و غاز لەو خوڵەی پەرلەمان، هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ مسۆگەریی سەقامگیربوونی پێوەندییە نەوتییەكان و پاراستنی مافی هەموو لایەك، تا ئێستە داهاتی فرۆشتنی نەوت 90%ی داهاتی عێراق پێك دێنێت، بۆیە ئەو دۆسیە و چارەسەركردنی كاری لەپێشینەی حكومەتی نوێ دەبێت. 

شایەنی باسە یاسای نەوت و غاز یەكێكە لە بەكێشەترین یاساكان لە عێراق كە لە 2005ەوە لە پەرلەمان دوا دەخرێت، یاساكە پێوەستە بە رێكخستنی ئیدارەدانی سامانی نەوت و دابەشكردنی داهات لە نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل