دوای سێ ڕۆژ لەسەر یەك بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا، ئەمڕۆ چوارشەم دابەزینی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی وەبەرهێنەرانی كەرتی وزە، چاودێری پێشڤەچوونەكان لە ئاگربەست و دانوستان لەگەڵ ئێران و چوونی ترەمپ بۆ پەكین و دیداری لەگەڵ شی جین پینگی سەرۆكی چین دەكەن.
نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برنت 82 سەنت كە دەكاتە ڕێژەی 0.76% دابەزی، بەوهۆیەوە بەرمیلێك نەوت گەیشتە 106 دۆلار و 95 سەنت. نرخی نەوتی خامی تێكساس بەهەمانشێوە 66 سەنت و بە ڕێژەی 0.65% دابەزی و بەرمیلێكی گەیشتە 101 دۆلار و 52 سەنت.
لە دوای دەستپێكردنی هێرشی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە 28ی شوبات/فێبرایەری ڕابردوو، نرخی
نەوت بەردەوام ڕوو لە بەرزبوونەوەدایە و بەرمیلێك نەوت بە ڕێژەیەكی گشتی نرخەكەی لە سەرووی 100 دۆلارەوەیە، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێش جەنگ بەرمیلێك نەوتی خاو لە بەرزترین نرخ دەگەیشتە 70 دۆلاری ئەمەریكی.
هۆكاری دابەزینی ئەمڕۆی نرخی نەوت بە بڕوای شارەزایان، بۆ سەردانی ترەمپ بۆ چین و دیداری لەگەڵ شی جین پینگی سەرۆكی چین دەگەڕێتەوە، چونكە پێشتر زانیاری هەبوو كە ترەمپ داوا لە پەكین دەكات گوشار لەسەر تاران دروست بكەن، تا سازشی گەورەتر بۆ ئەمەریكا بكات، ئەمە وایكردووە كە ئومێدی كۆتاهێنان بە جەنگ لەو سەردانەی ترەمپ بوونی هەبێت، بۆیە كاریگەریی لەسەر نرخی نەوت داناوە و دایبەزاندووە.