ئەمڕۆ 762 هەزار كەس لە ڕێگەی "هەژماری من"ـەوە مووچەكانیان وەردەگرن و ژمارەی ATM زیاد كران

:: AM:09:13:13/05/2026 ‌
ئەمڕۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی چوار دەستی پێ كرد، زیاتر لە 762 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی "هەژماری من"ـەوە مووچەكانیان وەردەگرن، ئەمەش وایكردووە بەشێكی زۆری مووچەخۆران لە رۆژی یەكەمدا مووچەكانیان وەرگرن.

بەپێی نوێترین داتاكانی هەژماری من، ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی لەم مانگەدا بە كارتی بانكی مووچە وەردەگرن، گەیشتووەتە 762,500 كەس. ئەمە لە كاتێكدایە كە مانگی ڕابردوو ژمارەیان 736,000 مووچەخۆر بوو، واتە لەم مانگەدا 26,500 مووچەخۆری نوێ چوونەتە ناو پرۆسەی وەرگرتنی مووچە بەشێوەی دیجیتاڵی.
0
ئەو مووچەخۆرانەی لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن، بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش بوون: لە پارێزگای هەولێر 364,800 مووچەخۆر، لە پارێزگای سلێمانی 208,200 مووچەخۆر، لە پارێزگای دهۆك 179,000 مووچەخۆر و لە پارێزگای هەڵەبجە 10,410 مووچەخۆرن.

ئێستە ژمارەی ئامێرەكانی ATM بۆ 600 ئامێر زیاد كراوە، لە كاتێكدا بۆ مانگی سێ تەنیا 572 ئامێر بەردەست بوون. سەرەڕای زیادبوونی ئامێرەكان، هێشتا لە هەندێك شوێن قەرەباڵغی لە دەوری ATM  دەبینرێت و پێویستە ژمارەیان زیاد بكرێت.



وشە - سۆران عەزیز