دوای ئەوەی دوێنێ سێشەم هێزەكانی ئەمەریكا كەشتییەكی نەوتهەڵگری یۆنانی كە هەڵگری زیاتر لە ملیۆنێك بەرمیل نەوتی عێراق بوو، بە ئاراستەی گەرووی هورمز گەڕاندەوە و رێگەیان نەدا بەرەو دەریای عەرەب پێشڕەوی بكات كە بە نیاز بوو بگاتە
ڤێتنام، كۆمپانیای حكوومی نەوت و سووتەمەنیی ڤێتنام ئێستە داوا لە ئەمەریكا دەكات كە ڕێگە بەو كەشتییە نەوتییە بدەن، تا بگاتە وڵات و كێشەی كەمی سووتەمەنی دروست نەبێت.
كۆمپانیای پترۆڤێتنام ئۆیل باڵی بازرگانی كۆمپانیای نەوتی حكوومی ئەو وڵاتە، لە پەیامێكدا كە ئاراستەی هێزی دەریایی ئەمەریكای كردووە، داوا دەكات ڕێگە بەو كەشتییە بدەن كە نەوتی خاوی عێراقی بار كردووە و بە گەرووی هورمز تێپەڕیوە و دەیەوێ بەرەو وڵاتەكەمان بێت، تا نەوتی خاوی پێویستمان پێ بگات و پاڵاوگەكانی وڵات بەرهەمەكانی نەوتی لێ دروست بكەن و بیخەنە بازاڕەوە، ئەمە بۆ ڤێتنام گرنگییەكی زۆری هەیە، دوای ئەوەی بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و گەمارۆی ئەمەریكاوە، كەمترین بڕی نەوتی لە ماوەی ڕابردوو پێگەیشتووە و لە سەروبەندی تەنگژەیەكی گەورەی بەنزین و بەرهەمە نەوتییەكاندایە.
ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، گەمارۆی دەریای دەسەپێنێتە سەر بەندەرەكانی ئێران و ئەو كەشتییانەی نەوتی ئێران دزەپێدەكەنە بازاڕی وزەی دنیا، بەڵام ڕێگە بە ڕۆیشتنی كەشتیی هەڵگری نەوتی وڵاتانی كەنداو دەدات، هەرچەندە نەوتی سەر كەشتییەكە عێراقییە و ئێرانی نییە، بەڵام ئەمەریكا هەر ڕێگری كردووە لەوەی ئاوەكانی كەنداوی عومان تێپەڕێنێت.
كەشتییەكە لە بنەڕەتدا یۆنانییە و ناوی "ئەگیۆس فانۆریۆس 1" و ئاڵای ماڵتای بەرز كردووەتەوە، ملیۆنێك نەوتی خاوی بەسرەی بار كردووە و لە 10ی ئایار/مایۆ لە ئاوەكانی كەنداوی عومان بینراوە، بەڵام ڕۆژێك دواتر گەڕێنراوەتەوە و ئاراستەكەی بەرەو گەرووی هورمز گۆڕاوە.
هەوڵەكانی ڤێتنام بەو ئاراستەیە بەردەوامن كە واشنتن ڕازی بكەن بەوەی ڕێگە بە دەرچوونی كەشتییەكە بدات، چونكە كەشتییەكە تا ئێستەیش لە ناوچەكە ماوەتەوە و بۆ گەرووی هورمز بە تەواوی نەگەڕاوەتەوە.