عێراق یەكێكە لە دەوڵەمەندترین دەوڵەتەكانی دنیا، بەڵام بەهۆی بێپلانی و خراپیی ئیدارەدان و گەندەڵی و چارەسەرنەكردنی تەنگژە ئابووری و داراییەكانەوە، دۆخێك دروست بووە كاری لە تەواوی كایەكانی ژیان كردووە، شارەزایان پێیان وایە ئەگەر دۆخی دارایی و ئابووری چارەسەر نەكرێت، چەند مانگێكی تر عێراق دووچاری نەهامەتیی گەورە دەبێتەوە.
زیاد داوود شارەزای ئابووری لە میانی كۆڕبەندێكی ئابووری لە واشنتن وێنەیەكی تاریكی بۆ داهاتووی ئابووریی عێراق كێشا، لە سایەی هەڵبەز و دابەزینی نرخی نەوت، ئەو وریایی دا بەوەی رەنگە لە ماوەی چەند مانگێكی تر ئەگەر كێشە داراییەكان چارەسەر نەكرێن، عێراق خۆی لەبەردەم بژارەی تاڵ ببینێتەوە.
روونی كردەوە، عێراق لە دۆخی پشتبەستنی زیاد لە پێویست بە داهاتی نەوت دەژیت، ئەوەش وای كردووە بودجەكەی بە شێوەیەكی زیاتر لە كاریگەریی تەنگژەكانی 2008 و 2014 و 2020 بكەوەێتە ژێر كاریگەریی كێشە و هەژانە دەرەكییەكان، تەنگژەوی ئابووری لە عێراق بەهۆی پابەندیی دەوڵەتە بە دوو تەوەری سەرەكی، سەقامگیریی دراو و پارێزگاریكردن لە وابەستەیی دینار بە دۆلار لەو ئاستەی ئێستە، مووچە و توانای دابینكردنی بێ دواكەوتن.
ئەو شارەزایە ئاماژە دەكات كە بێتوانایی لە پابەندبوون بەرانبەر بەو دوو تەوەرە واتە چوونە ناو تەنگژە، سەبارەت بە ماوەی بەرگەگرتنی عێراق ئاماژەی كرد، یەدەگی بانكی ناوەندی 100 ملیار دۆلارە، بۆ پارێزگاریكردن لە سەقامگیری دینار و پاراستنی بارستەی دراوی ئاڵوگۆڕكراو، بانكی ناوەندی پێویستی بە تەرخانكردنی 75 ملیار دۆلار هەیە، واتە پارەی زیاد 25 ملیار دلارە دەتوانرێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان سوودی لێ وەربگیرێت، لەوكاتەی پارەی پێویست بۆ دابینكردنی مووچەی ساڵانە 64 ملیار دۆلارە، واتە 5.3 ملیار دۆلاری مانگانە، لە ئەنجامدا ئەو 25 ملیار دۆلارەی زیادە، بەشی دابینكردنی مووچە بۆ پێنج مانگی داهاتوو دەكات، ئەوە ئەگەر داهاتی نەوت نەما یان زۆر كەم بووەوە.