شارەزایان پێیان وایە لە سایەی پشتبەستنی نیوچە تەواوەتیی عێراق بە داهاتی فرۆشتنی نەوت و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت لە بازاڕ و شەڕی ئێران، وایان كردووە كورتهێنانی گەورە لە بودجەی عێراق بەهۆی پشتبەستنی بە داهاتی نەوت دروست ببێت، ئەوەش وای كردووە وریایی لەبارەی دوارۆژی عێراق بدرێت، سەرچاوەیەك ئاشكرای دەكات كە عێراق هەوڵی وەرگرتنی قەرز لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دەدات.
ئاژانسی
"رۆیتەرز"ی ئەمەریكی لە سەرچاوەیەكی گواستەوە كە عێراق هەوڵی بەدەستهێنانی پاڵپشتیی دارایی لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دەدات و ئێستە گفتوگۆكان لەبارەی قەبارەی قەرزەكە و شێوازی وەرگرتن و دانەوەی هەیە.
دوێنێ زیاد داوود شارەزای ئابووری وریایی دا بەوەی رەنگە لە ماوەی چەند مانگێكی تر ئەگەر كێشە داراییەكان چارەسەر نەكرێن، عێراق خۆی لەبەردەم بژارەی تاڵ ببینێتەوە، عێراق لە دۆخی پشتبەستنی زیاد لە پێویست بە داهاتی نەوت دەژیت، ئەوەش وای كردووە بودجەكەی بە شێوەیەكی زیاتر لە كاریگەریی تەنگژەكانی 2008 و 2014 و 2020 بكەوەێتە ژێر كاریگەریی كێشە و هەژانە دەرەكییەكان، تەنگژەوی ئابووری لە عێراق بەهۆی پابەندیی دەوڵەتە بە دوو تەوەری سەرەكی، سەقامگیریی دراو و پارێزگاریكردن لە وابەستەیی دینار بە دۆلار لەو ئاستەی ئێستە، مووچە و توانای دابینكردنی بێ دواكەوتن.
ئەو شارەزایە ئاماژە دەكات كە بێتوانایی لە پابەندبوون بەرانبەر بەو دوو تەوەرە واتە چوونە ناو تەنگژە، سەبارەت بە ماوەی بەرگەگرتنی عێراق ئاماژەی كرد، یەدەگی بانكی ناوەندی 100 ملیار دۆلارە، بۆ پارێزگاریكردن لە سەقامگیری دینار و پاراستنی بارستەی دراوی ئاڵوگۆڕكراو، بانكی ناوەندی پێویستی بە تەرخانكردنی 75 ملیار دۆلار هەیە، واتە پارەی زیاد 25 ملیار دلارە دەتوانرێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان سوودی لێ وەربگیرێت، لەوكاتەی پارەی پێویست بۆ دابینكردنی مووچەی ساڵانە 64 ملیار دۆلارە، واتە 5.3 ملیار دۆلاری مانگانە، لە ئەنجامدا ئەو 25 ملیار دۆلارەی زیادە، بەشی دابینكردنی مووچە بۆ پێنج مانگی داهاتوو دەكات، ئەوە ئەگەر داهاتی نەوت نەما یان زۆر كەم بووەوە.