ئیمارات پشتی ئێران دەشكێنێت و ساڵی داهاتوو پڕۆژە گەورەكەی دەست پێ دەكات

:: AM:09:46:16/05/2026 ‌
سەرەتای ساڵی داهاتوو ئەو كارتە گەورەیەی كە ئێران چەندان ساڵە لە بەرانبەر دنیا و بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی بەكاری دێنێت، لەلایەن ئیماراتەوە دەسووتێنرێ و كۆتایی پێ دێت.

ئێران چەندان دەیەیە كارتی گەرووی هورمزی دژی دنیا و وڵاتانی عەرەبی بەكار هێناوە، هەر كاتێك ویستبێتی دەستی خستووەتە بینی وڵاتانی ناوچەكە و بازرگانیی وشك كردوون.

ئیماراتی عەرەبیی یەكگرتوو پەلە دەكات لە دروستكردنی بۆڕییەكی نوێی نەوت، بە مەبەستی دوو هێندەكردنی توانای هەناردەكردنی كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبوزەبی "ئەدنۆك" لە ڕێگەی میرنشینی فوجەیرەوە لە سەرەتای  ساڵی 2027.

دروستكردنی ئەم پڕۆژەیەی بۆڕیی گواستنەوەی نەوت، توانای ئەبوزەبی بۆ خۆلادان لە گەرووی هورمزە و بەمەش كۆتایی بە مۆتەكەی ئێران بەسەر بواری وزی ئیماراتەوە دێت.

 ئەم بۆڕییە لە قۆناغی دروستكردندایە و چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵی 2027دا بكەوێتە بواری كاركردن و بەرهەمهێنانەوە.

بۆڕیی نەوتی خاوی ئەبوزەبیی سەربە ئەدنۆك كە بە بۆڕیی "حەبشان-فوجەیرە"ش ناسراوە، توانای گواستنەوەی تا ١.٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێكدا هەیە.

 ئەم بۆڕییە بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵەكانی ئیماراتی عەرەبیی یەكگرتوو بۆ زیادكردنی هەناردەی ڕاستەوخۆ لە كەناراوەكانی كەنداوی عومانەوە، گرنگییەكی زۆری پەیدا كردووە.

 كەناراوەكانی میرنشینی فوجەیرە لە زۆر ڕووەوە، لەوانەش بۆ هاوردەكردنی خۆراك كە ئەو وڵاتە بە توندی پشتی پێ دەبەستێت، بووەتە شادەمارێكی ژیانی بۆ ئیمارات. لە هەمان كاتدا، بەندەری فوجەیرە چەندان جار كراوەتە ئامانجی هێرشكردن و ئیماراتیش ئێرانی بە بەرپرسیار زانیوە لەو هێرشانە.

ئێران بەم پڕۆژەیەی ئیمارات تەواو شپرز بووە و پێی وایە ئەو كارتەی كە دنیای پێوە بەستبووەوە، بەتەواوی بێبەها دەكرێت و ئەمەشی بە ئیماراتییەكان راگەیاندووە.

ئێران لە هەوڵی دروستكردنی كۆسپدایە لە بەردەم پڕۆژە گەورەكەی ئیمارات، بەڵام بەهۆی كێشە زۆرەكانی بێتوانایی و پەراوێزخستنی لەلایەن دنیاوە، توانای راگرتنی پڕۆژەكەی لە 5%یە، چاودێران پێیان وایە گەرووی هورمز دوای كەوتنەكاری فوجەیرە بەهای نامێنێت.




وشە - سۆران عەزیز