ڕوانگەی ئیكۆعێراق بڵاوی كردەوە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی عێراق سێ بژارەی لە بەردەمدایە تا بەر لە فراوانبوونی تەنگژەی دارایی لە عێراق بگرێ و رووبەڕووی ببێتەوە، بژارەكانیش بریتین لە قەرزی ناوخۆ و دەرەكی و بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی.
لە
ڕاگەیەنراوێكی روانگەی ئیكۆعێراقدا هاتووە، تەنگژەی داخرانی گەرووی هورمز كاریگەریی گەورەی لەسەر داهاتی دارایی عێراق دروست كردووە، سەرەڕای ئەوەی كورتهێنانی دارایی پێشوەختە و بەرزبوونەوەی قەبارەی قەرزی ناوخۆییش لە وڵات بوونی هەبووە و كەڵەكە بووە.
ئاماژەی داوە، بۆ بەرگرتن لە تەنگژەی دارایی و هێشتنەوەی سیولە لە عێراق، سێ بژارە لە بەردەم حكوومەتی عەلی زەیدیدایە، تا یەكێك لەوانە بگرێتەبەر و بتوانێ بەسەر تەنگژەكە زاڵ بێت.
لەبارەی بژارەكانەوە ڕوانگەكە نووسیویەتی، یەكێكیان بریتییە لە قەرزی ناوخۆیی، وەزارەتی دارایی سەنەداتی دارایی و ئەو حەواڵانەی بانكی ناوەندی دەیكات بەرانبەر بە سیولەی دارایی بە قەرز بیداتە خاوەن سەرمایەكان، حكوومەتی سوودانی پشتی بەو بژارەیە بەست، بەوهۆیەوە داهاتی یەدەگی عێراق بۆ نزیكەی 125.6 تریلیۆن دینار كەم بووەوە.
بژارەی دووەم بریتییە لە هەمواركردنەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار، ئێستە بە فەرمی 100 دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بە 132 هەزار دەفرۆشرێت، بەرزكردنەوەی ئەو بڕە بۆ 150 هەزار، ئەمە سیولە و داهات زیاد دەكات و كورتهێنانی دارایی كەم دەكاتەوە، پێشتر لەلایەن حكوومەتی مستەفا كازمییەوە جێبەجێ كرا، لەگەڵ باشبوونەوەی دۆخی دارایی عێراق، دووبارە نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی كەم كرایەوە.
ڕوانگەكە باسی لە بژارەی سێیەمیش كردووە كە بریتییە لە قەرزی دەرەكی، وەك لە سەردەمی حكوومەتی حەیدەر عەبادی ئەنجام درا، ئەمجۆرە قەرزە دەرەكییانەیش پێوەستە بە مەرجی زۆرەوە، لەوانە ڕێوشوێنی چاكسازی و مەرجی دارایی و ئابرووی پێوەست بە خەرجی گشتی و دامەزراندن و سیاسەتی دارایی.
پێشتریش سەرچاوەیەك لە بانكی نەختینەی نێودەوڵەتی ئاشكرای كرد، عێراق هەوڵی وەرگرتنی پشتیوانی دارایی لە بانكی نەختینەی نێودەوڵەتی دەدات، لە ئەنجامی ئەو لێكەوتانەی بەهۆی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەستانی هەناردەكردنی نەوت لەسەر ئەو وڵاتە دروست بووە.