شارەزایان: سوپایەك بێكار لە عێراق هەیە و ئابووری وڵاتیش لە تەنگژەدایە

:: PM:07:40:16/05/2026 ‌

دوای بینە و بەردەی چەند مانگێك، هەفتەی رابردوو كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق و كارنامەی حكوومەتەكە لە پەرلەمانی متمانەی پێ درا و دەست بەكار بوون ئەمڕۆ شەموو یەكەم دانشیتنی ئەنجوومەنی نوێی وەزیرانی عێراق هاتە سازكردن، شارەزایان پێیان وایە ئەركی ئەم حكوومەتە لە گشت بوارەكان، بەتایبەتی ئابووری ئاسان نییە، بەتایبەتی كە سوپایەك دەرچوو و بێكار هەن و ئابووری وڵاتیش لە لێواری رووخانە.

رەعد مەسعوودی شارەزای ئابووری دەڵێت، چیتر فەرمانگە حكوومەتییەكانی عێراق توانای لەخۆگرتنی فەرمانبەری نوێیان نییە، لە چەند ساڵی داهاتووش ژمارەی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان ملیۆنێك تێپەڕ دەكات، ئەو ژمارەیەش لەوە زیاترە كە كەرتی حكوومەتی توانای شوێنكردنەوەی هەبێت. 

روونی كردەوە، لە دوای 2003 سیاسەتی دامەزراندن زیادی كرد و بووە ئامرازێك بە دەستی هێزە سیاسییەكان بۆ راكێشانی پاڵپشتیی خەڵك، لەكاتی هەڵبژاردنەكان دەرگەی دامەزراندنیان دەكردەوە، لە بری پشتبەستن بە پێویستیی كردەنی لە دامەزراندن، بۆیە زیادبوونی ژمارەی فەرمانبەران جۆرێك لە بێكاریی دەمامكداری لەناو زۆرێك لە فەرمانگە حكوومەتییەكان دروست كردووە، لەوكاتەی وەزارەت و دامەزراوەی تر بەدەست كەمی شارەزایی و تایبەتمەندییەوە دەناڵێنن.

مەسعوودی دووپاتی كردەوە، ئەو قۆناغە پێویستیی بە نەشتەرگەرییەكی قووڵی ئابوورییە، لە بنیاتنانەوەی كەرتی تایبەت و كردنەوەی دەرگەی وەبەرهێنانێكی راستەقینە دەست پێ دەكات بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتە پەكخراوەكانی وەك كشتوكاڵ و پیشەسازی بۆ فەراهەمكردنی هەلی كار بۆ گەنجان دوور لە دامەزراندن لە كەرتی حكوومی.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل