دوای ئەوەی عەلی زەیدی و كابینەی حكوومەتەكەی لە 14ی ئەم مانگە لە پەرلەمانی عێراق متمانەیان پێ درا، ئەمڕۆ شەموو خۆی و وەزیرەكانی دەستبەكار بوون، یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ساز كرا، دوای ئەوە بە چەند سەعاتێك سەرۆكایەتیی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەقامگیریی دارایی كرد.
بەپێی
بەیاننامەیەكی نووسینگەكەی، ئەمڕۆ شەموو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتیی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەقامگیریی دارایی كرد، ئەوەش دوای چەند سەعاتێك لە دەركردنی بڕیاری دامەزراندنی لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنەكە لە وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق پێك هاتووە.
بەپێی بەیاننامەكە، لە كۆبوونەوەكەدا زەیدی دووپاتی لە گرنگیی سەقامگیری دارایی بەهۆی كاریگەرییە پەرەسەندن و ئابوورییەكانی كردەوە، بەپێویستی زانی كە هاوئاهەنگییەكی بەهێز لە نێوان وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی هەبێت، ئاماژەی بۆ گرنگیی بڕیارە داراییەكان كردەوە كە پاڵپشتی لە سەقامگیریی ئابووری دەكەن و بە ئەرێنی رەنگدانەوەیان لەسەر پلانەكانی حكوومەت و پەرەپێدان و خزمەتگوزاری و ئابووری هەیە.