وەزارەتی نەوت: داهاتی نەوتی مانگی نیسان ملیارێك دۆلارە

:: PM:04:38:18/05/2026 ‌
"هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركی 339 هەزار و 64 بەرمیل بووە"

وەزارەتی نەوتی عێراق رای گەیاند لە مانگی رابردوو "نیسان" نۆ ملیۆن و 884 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە كراوە و داهاتەكەیشی ملیارێك و 87 ملیۆن دۆلار بووە.

ئەمڕۆ دووشەم 18ی ئایار وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و بڕی نەوتی هەناردەكراوی لە مانگی نیساندا بڵاوكردەوە، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی نەوت هاتووە لە مانگی رابردوو نۆ ملیۆن و 884 هەزار و 130 بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە كراوە و داهاتەكەیشی ملیارێك و 87 ملیۆن و 82 هەزار دۆلار بووە.

وەزارەتی نەوت روونی كردووەتەوە هەناردەی نەوتی بەسرە چوار ملیۆن و 587 هەزار و 610 بەرمیل نەوت بووە، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش بۆ بەندەری جەیهانی توركی 339 هەزار و 64 بەرمیل بووە، هەناردەی نەوتی كەركووكیش هەر بۆ بەندەری جەیهان چوار ملیۆن و 957 هەزار و 456 بەرمیل بووە.

بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و نەبوونی ژێرخانی ستراتیجی عێراق زیاتر لە 80% هەناردەی نەوتی كەمی كردووە.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل