ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ لیژنەی سەرپەرشتیار و ئەنجوومەنی كارگێڕی بانكی نیشتمان كۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوێكی وەزارەتەكە، لە كۆبوونەوەكەدا دواین هەنگاوە جێبەجێكراوەكان سەبارەت بە دامەزراندنی بانكی نیشتمان لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیارەوە خرایەڕوو كە خۆی لە دابینكردنی بیناو دامەزراندنی ئەنجوومەنی كارگێڕی و ژێرخانی كارگێڕی و دارایی و ئەلكترۆنی دەبینێتەوە.
وەزیری دارایی و ئابووری وێڕای دەستخۆشی لە لیژنەی سەرپەرشتیار و ئەنجوومەنی كارگێڕی بانكی نیشتمان، تیشكی خستە سەر گرنگی و بایەخی ئەو بانكە بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان لە ڕووی شەفافیەت و چاكسازی و بەرەوپێشبردنی سیستەمی دارایی و بانكی و ڕای گەیاند، لەماوەی ڕابردوودا بەهەموو شێوەیەك پشتیوان و هاوكار بووین بۆ دامەزراندنی ئەو بانكە كە پڕۆژەیەكی نیشتمانی گرنگە و بۆ داهاتووش هەرچی پێویست بێت درێغی ناكەین.
هەروەها داوای لە لیژنەی سەرپەرشتیار و ئەنجوومەنی كارگێڕی بانكی نیشتمان كرد هەموو هەوڵ و توانای خۆیان بخەنە گەڕ تا هەرچی زووە ڕێكارە كارگێڕی و یاسایی و هونەرییەكان تەواو ببن و بانكەكە لە نزیكترین كاتدا دەستبەكار بێت.
بانكی نیشتمان لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی دامەزراندنی پێدراوە بارەگای سەرەكی لە شاری هەولێر دەبێت و لقی لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەبێت و دوای دەستبەكاربوونی چەندان خزمەتگوزاری دارایی و بانكی پێشكەش بە هاووڵاتییان و فەرمانبەران و بازرگانان دەكات.