ئەندامێكی دەستەی دەستپاكی عێراق ئاشكرای دەكات، بڕی ئەو پارەیەی كە لە "دزیی سەدە"دا دزراوە، گەیشتووەتە هەشت ترلیۆن دینار، ئەوەی پێشتر كە گوترا دوو تریلیۆنە راست نەبوو.
فەرمانگە جێبەجێكار و چاودێرییەكان بەردەوامن لە پشكنینەكان بۆ شوێنپێهەڵگرتنی ئەو پارەیەی دزراوە، بەتایبەت ئەو رێژەیەی چووەتە دەرەوەی عێراق.
لێكۆڵەران و شارەزایانی بواری ئاشكراكردنی دزییەكە دەڵێن، گومان هەیە كە بڕی پارەكە زۆر لەوە زیاتر بێت كە پێشتر راگەیانرا، بڕەكە هەشت تریلیۆن دینارە نەك دوو تریلیۆن.
تالیب بەیزانی ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح ڕای گەیاند، گێڕانەوەی پارە دزراوەكان یەكێكە لە ئەركە سەرەكییەكانی سەرشانی دەستەی دەستپاكی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەی دەستپاكی پەرلەمان.
دووپاتیشی كردەوە كە لیژنەكە بەردەوامە لە بەدواداچوونی ئەم دۆسیەیە بە شێوەیەكی چڕوپڕ لە پێناو گێڕانەوەی پارەكانی عێراق و لێپرسینەوە لەگەڵ تێوەگلاوان.
بەیزانی ڕوونی كردەوە كە بەشێك لە پارە دزراوەكە گێڕدراوەتەوە، لە كاتێكدا پارەكانی تر هێشتا لە دەرەوەی وڵاتن و پێویستیان بە هەوڵی یاسایی و دیپلۆماسی هەیە بۆ گێڕانەوەیان، ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەم دۆسیەیە پێویستی بە پاڵپشتی و هاوئاهەنگییەكی باڵا هەیە لە نێوان لایەنە چاودێری و جێبەجێكارەكاندا، لەگەڵ هاوكاری لەگەڵ سەرۆكایەتیی وەزیران كە لای خۆیەوە دووپاتی لە گرنگی ئەم دۆسیەیە كردووەتەوە وەك یەكێك لە ئەولەوییەتە نیشتمانییەكان.
ئاماژەی بەوە دا ئەو پارانەی بە ڕێگەی نایاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە، دەبێت بگەڕێنرێنەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت و دووپاتی كردەوە كە گێڕانەوەیان هەنگاوێكی ڕاستەقینەیە بەرەو پاراستنی دارایی گشتی و گێڕانەوەی مافی عێراقییەكان، جگە لە لێپرسینەوە لەگەڵ سەرجەم ئەو كەسانەی لە دزین یان گرێبەستە گوماناوییەكاندا تێوەگلاون.
بەیزانی ڕای گەیاند، خەمڵاندنە سەرەتاییەكانی دۆسیەی "دزیی سەدە" ئاماژەیان بە دزینی نزیكەی دوو تریلیۆن و نیو دینار دەكرد، بەڵام ئەو لێكۆڵینەوانەی لەلایەن دەستەی دەستپاكی ئەنجام دران، بوونی بڕە پارەی گەورەتریان ئاشكرا كرد، بەمەش بڕی پارە دزراوەكە بۆ نزیكەی هەشت تریلیۆن دینار بەرز بووەوە.