سبەی شاندێكی هەرێم دەچنە بەغدا و هەفتەی داهاتوو مووچە خەرج دەكرێت

:: PM:01:14:19/05/2026 ‌
بڕیارە سبەی شاندێكی تەكنیكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، رۆژی پێنجشەم لیستی مووچە و میزان موراجەعەی مانگی پێنج  بەوەزارەتی دارایی بەغدا بدرێت.

پرۆسەی ناردنی لیستی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی، بڕیارە سبەی چوارشەم شاندێكی هەرێمی كوردستان بچێتە بەغدا.

بەپێی زانیارییەكانی  "وشە" سبەی چوارشەم 20ی ئایار، شاندێكی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەچنە بەغدا، شاندەكە لیستی مووچەی مانگی پێنج و میزان موراجەعە بەوەزارەتی دارایی بەغدا دەدەن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەم حكوومەتی عێراق، دەست بە خەرجكردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی خۆی بكات و ئامانجیشیەتی پێش جەژن، كۆتایی بە پرۆسەكە بهێنێت.

بەپێی زانیارییەكان، ئەگەر هەفتەی داهاتوو نووسراوی وەزارەتی نەوت بۆ دارایی عێراق بكرێت و حكوومەت هەرێمیش داهاتی ناوخۆ بنێرێت، كۆتایی هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی پێنج خەرج دەكرێت.



وشە - سۆران عەزیز