ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری كڕینی كارەبا لە كوردستان دەدات

:: PM:01:32:19/05/2026 ‌
بەگوێرەی كارنامەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیارە لە یەكەم كۆبوونەوەی خۆیدا ئەمڕۆ سێشەم، تاوتوێی هەناردەكردنی مادەی گۆگرد و گرێبەستی كڕینی كارەبا لە هەرێمی كوردستان و پەسندكردنی پڕۆژەیاسای دەستەی خۆراك و دەرمان بكات.

ئەمڕۆ سێشەم 19ی ئایار، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆ دەبێتەوە، بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكەی گفتوگۆ و بڕیار لەبارەی  (16) بڕگە دەدات. یەكێك لە بڕگەكان تاوتوێكردنی هەناردەی ملیۆنێك تۆن لە مادەی گۆگردە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بۆ چین، وەك بەشێك لە پابەندییە داراییەكانی بۆ دانەوەی قەرزی وەبەرهێنانی وێستگەكانی كۆمپانیای گۆگرد و میسان.

بەگوێرەی زانیارییەكان، بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان لە بەرهەمهێنانی كارەبا لە وەرزی هاویندا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەر لەم كۆبوونەوەیەدا لەبارەی گرێبەستی كڕینی كارەباش لە كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ دەكەن، بەتایبەت لەبارەی ئەو گرێبەستەی كە لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای كار و تۆرەس ئینێرجی لە هەولێر و سلێمانی واژوو كراوە.




وشە - سۆران عەزیز