كەشتییەكی كۆریای باشوور بە بارێك نەوتەوە بە گەرووی هورمز تێپەڕی

:: AM:09:35:20/05/2026 ‌
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەم كەشتییەكی نەوتهەڵگری زەبەلاحی كۆریای باشوور كە هەڵگری دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خامی كوێت بوو، توانی بە سەلامەتی بە گەرووی هورمز تێپەڕێت.

كەشتییەكە ناوی "یونیڤێرسال وینر"ە و ئاڵای كۆریای باشووری بەرز كردووەتەوە و ماوەیەكی زۆرە لە كەنداو گیرساوەتەوە، ئەمڕۆ بەو ڕێڕەوە ئاوییە تێپەڕیوە كە ئێران بۆ كەشتییە بازرگانییەكان دیاری كردووە.

چۆ هیۆن وەزیری دەرەوەی كۆریای باشوور لەوبارەیەوە ئاشكرای كرد، كەشتییە نەوتهەڵگرەكەی كۆریای باشوور بە هاریكاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران، توانیویەتی بە گەرووی هورمز بە سەلامەتی تێپەڕێت، ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەیش لە دانیشتنی پەرلەمان و لە بەردەم پەرلەمانتارانی وڵاتەكە ڕاگەیەنرا.

دەربازبوونی ئەو كەشتییە نەوتهەڵگرەی كۆریای باشوور لە كاتێكدایە كە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەم، دوو كەشتیی نەوتهەڵگری زەبەلاحی چین كە هەڵگری چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق بوون، بەهەمانشێوە بەو ڕێڕەوە ئاوییەی ئێران دیاریی كردووە، گەرووی هورمزیان تێپەڕاند و گەیشتنە ئاوەكانی كەنداوی عومان.

لە 28ی شوبات/فێبرایەری ڕابردوو لە ئەنجامی بۆردمان و هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران گەرووی هورمزی داخستووە و بەو هۆیەوە نزیكەی دوو هەزار كەشتی و 20 هەزار كەشتیوان لە ئاوەكانی كەنداو گیریان خواردووە، چەندان كەشتیش لەلایەن ئێرانەوە هێرشیان كراوەتە سەر لەوكاتەی ویستوویانە بە هورمز تێپەڕ ببن، لە كاردانەوەی ئەمەیشدا ئەمەریكا لە ئاوەكانی كەنداوی عومان، گەمارۆی دەریایی سەپاندووەتە سەر ئەو كەشتییانەی دەچنە بەندەرەكانی ئێران و لەوێوە دێن، ئەمەیش وایكردووە كە بە تەواوی جووڵەی كەشتیوانیی لەو ڕێرەوە ئاوییە گرنگەی دنیا پەكی بكەوێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د