وەزارەتی دارایی عێراق ئاشكرای كرد، دوای تەواوبوونی ڕێكارەكان، دەستی بە پارەداركردنی ڕاستەوخۆ كردووە تا مووچەی مانگی ئایار/ مایۆ دابەش بكرێت.
لە
ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە، فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی، دەستی بە خەرجكردنی مووچەی دامەزراوە جیاجیاكان كردووە، دوای تەواوكردنی ڕیوشوێنەكانی پێوەست بە پرۆسەی ڕێكخستنی خەرجكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانگەكان.
لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا وەزارەتی دارایی داوای لە یەكەكانی خەرجكردنی وەزارەت و لایەنە ناپێوەست بە وەزارەتەكان و پارێزگەكان كردووە، پابەندنی مەرج و داواكارییەكانی پارەداركردنی مانگانە بن و ڕەچاوی خشتەی پارەداركردنی مووچەیش بن كە پێشتر پشتی پێ بەستراوە.
دەستكردن بە دابەشكردنی مووچە لە عێراق لە كاتێكدایە، هەرێمی كوردستانیش ڕێوشوێنەكانی وەرگرتنی مووچەی مانگی پێنجی بە نزیكەیی تەواو كردووە، چاوەڕوان دەكرێ ئەمڕۆ چوارشەم شاندێكی تەكنیكی هەرێمی كوردستان بگەنە بەغدا و لیستی مووچە و میزان موراجەعەی مانگی پێنج بە وەزارەتی دارایی عێراق بدەن. دوای ئەوە نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ وەزارەتی دارایی و داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەمێنێت، پاش تەواوبوونی ئەو دوو ڕێكارە، چاوەڕوان دەكرێ مووچەی مانگی پێنجی كارمەندانی هەرێمی كوردستانیش دەست بە دابەشكردنی بكرێت.