بە بڕیاری دادگا نابێت كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت گران بكرێت

:: AM:11:41:20/05/2026 ‌
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق رای گەیاند، بڕیاری سەپاندنی باج بەسەر كۆمپانیاكانی پێوەندیكردن رەت كرایەوە، بۆیە هیچ باجێك ناخرێتە سەر ئەو كۆمپانیایانە تا نرخی كارت گران بێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئایار، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای دەكات، ئەنجوومەنی تایبەت بە تانەدان لە بڕیارەدانی دەستەی راگەیاندن و پێوەندییەكانی عێراق، بە سەرپەرشتی دادوەر ئەیاد موحسین كۆ بووەتەوە، بڕیاری سەپاندنی 20%ی باجی سەر كۆمپانیاكانی پێوەندیكردنی رەت كردووەتەوە و تێیدا روون كراوەتەوە، ئەمە باجی فرۆشتنە نەك كرێی خزمەتگوزاری.

 هەروەها لە راگەیەنراوەكەدا روون كراوەتەوە، سەپاندنی باج و هەر پارەیەك ئەركی دەسەڵاتی یاسادانانە بەگوێرەی مادەی 28ی دەستووری عێراق كە دەبێت تەنیا بە دانانی یاسایەك بێت. بۆیە ئەنجوومەنی دادوەری روونی دەكاتەوە، دەستەی راگەیاندن و پێوەندیكردن پشتی بە بڕیارێكی حكوومەتی كاربەڕێكەر بەستووە، ئەویش دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیارێكی ئەوتۆ بدات خەرجی سەر شانی هاووڵاتییان زیاد بكات.

 پێشتر حكوومەتی سوودانی بە پاساوی زیادكردنی داهات، بڕیاری دابوو 20% باج بخرێتە سەر كۆمپانیاكانی مۆبایل و تەلەفۆن، ئەمەیش راستەوخۆ دەبووە هۆی گرانبوونی كارتی ئینتەرنێت و مۆبایل، بەڵام ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڕیارەكەی حكوومەتی سوودانی رەت كردەوە.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل