لە هەڵمەتێكدا ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، 10 دۆنم زەویی لەو سەوزانە پاك كردەوە كە بە ئاوی پیس بەرهەم هاتوون.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئایار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، هەڵمەتێكی بۆ لادانی ئەو سەوزانە دەست پێ كرد كە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ئاوی پیس بەرهەم دەهێنرێن.
هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، بۆ "وشە" گوتی، لە هەڵمەتەكەدا 10 دۆنم زەوی پاك كراونەتەوە كە هەموویان كێڵگەی بەهەمهێنانی سەوزە بوون، بەڵام بەئاوی پیس و بۆ خواردن شیاو نەبوون.
بڕیارە هەڵمەتەكە سبەی پێنجشەمیش بەردەوام بێـت و لە هەر شوێنێك ئەو زێدەڕۆییانە هەبێت، یان سەوزە بە ئاوی پیس ئاو بدرێت لەناو دەبرێن.
لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم بەراسپاردەی سەرۆكی حكوومەت، رێگریی لەو جووتیارانە كراوە كە بەرێگەی ئاوی پیس سەوزە بەرهەم دێنن. ئێستە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ئاودانی سەوزە بە ئاوی پیس یان زێرابەكان زۆر كەم بووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی هەولێر بەردەوامە لە بەدواداچوون بۆ لابرددنی هەموو ئەو سەوزانەی بەئاوی پیس بەرهەم دێن.