تا ئێستە زیانە داراییەكانی داخرانی گەرووی هورمز لەسەر عێراق ئاشكرا نییە، كە هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی هەڵمەتە 40 رۆژییەكی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گەرووەكە لە لایەن ئێرانەوە داخرا و زۆرینەی هەناردەكردنی نەوتی عێراق وەستا و تا ئێستە ئاسایی نەبووەتەوە، لەوكاتی عێراق چاوی لە زیادكردنی هەناردنە لە رێگەی بەندەری جەیهان، توركیا چەند مەرجێكی داناوە و دەبێت حكوومەتی نوێی عێراق دانوستان بكات.
د. نەبیل مەرسوومی شارەزای ئابووری ئاماژە دەكات، رێككەوتنی بۆری نەوتی عێراق- توركیا لە مانگی تەمووزی داهاتوو كۆتایی دێت، توركیا سێ كێشەی بۆ نوێكردنەوەی هەیە، یەكەم كەمیی رسووماتی تێپەڕبوونی بۆرییەكە كە یەك دۆلار بوو، ئەنقەرە دەیەوێ بۆرییەكە بە كێڵگەكانی بەسرە ببەسترێتەوە نەك تەنیا كەركووك، كە بەرهەمی رۆژانەی تەنیا 350 هەزار بەرمیلە، توركیا دەیەوێ ببێتە رێڕەوێكی نێودەوڵەتی وزە.
زیاتر گوتی، سێیەم بابەت توركیا دەیەوێ لە وەبەرهێنان لە بواری نەوت لە عێراق بەشداری بكات، بەتایبەتی لە پیشەسازی دەرهێنان و گۆڕین و ژێرخانی كەرتەكە، بۆیە ئەگەر عێراق تا مانگی تەمووزی داهاتوو بە رێككەوتن لەگەڵ توركیا نەگات، ئەگەری هەیە بۆری نەوتی كەركووك و هەرێمی كوردستانیش بوەستیت و عێراق لە تاكە دەروازەی هەناردنی نەوت بێبەش بێت.