وەزارەتی بازرگانیی عێراق، كاتی دەستپێكردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند و دووپاتی كردەوە، دەبێت تا 20ی تەمووز كۆی پرۆسەكە لە سەرانسەری عێراقدا كۆتایی پێ بهێنرێت.
ئەمساڵ حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە كەمتر لە ساڵانی پێشوو گەنمی هەرێم وەربگرێت، تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە كە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم، پێشتر داوای كردبوو بەغدا لانیكەم ملیۆنێك و 250 هەزار تۆن گەنم وەربگرێت، بەڵام داواكارییەكە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە.
ساڵی ڕابردوو پرۆسەكە لە مانگی حوزەیران دەستی پێ كرد و پێش كۆتایی تەمووز تەواو بوو، پێشبینیش دەكرێت ئەمساڵیش بە هەمان خێرایی بەڕێوە بچێت.
حەیدەر گەرعاوی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق ڕای گەیاند: "لە مانگی نیسانەوە كە پرۆسەكە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق دەستی پێ كردووە، تا ئێستە ملیۆنێك و 140 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە."
ئاماژەی بەوەش كرد، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا پرۆسەكە لە ئەنبار و دیالە دەست پێ دەكات و دواتریش كەركووك، نەینەوا و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
گەرعاوی دووپاتی كردەوە كە ئەو پارێزگایانەی دەست بە پرۆسەكە دەكەن، پابەند كراون بە جێبەجێكردنی "سیستمی نۆرەگرتنی پێشوەختە" بۆ ڕێكخستنی هاتنی جووتیاران.