ئەمڕۆ هەینی 22ی ئایاری 2026، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ڕای گەیاند کە سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمەریکا، ئێران ڕۆژانە ملیۆنێک و 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.
لەلایەکی ترەوە، هێزە دەریاییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرایان کرد کە لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردوودا، 35 کەشتی کە پێکهاتوون لە کەشتیی نەوتهەڵگر، بارهەڵگر و بازرگانی، بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕ بوون، ئەوەش دوای وەرگرتنی مۆڵەت و بە هاوئاهەنگی و پاراستنی هێزەکانی تاران بووە.
پێشتر لەمڕۆدا، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دووپاتی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە بۆ ڕەتکردنەوەی سەپاندنی ڕسوومات بەسەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، و ئاماژەشی بەوە دا کە پێشکەوتنێکی ڕێژەیی لە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاراندا بەدی هاتووە.