لە هەڵەبجە دەست بە دروستكردنی مۆڵێكی گەورە دەكرێت

:: PM:01:15:24/05/2026 ‌
هەنگاوێكی تر بۆ ئاوەدانی و گەشەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە، لەلایەن دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەت درایە پڕۆژەیەك و ئەمڕۆ دەست بەكار كرا.

ئەمڕۆ یەكشەم 24ـی ئایار، بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی هەڵەبجە بڵاوی كردەوە، بە خۆشحاڵییەوە ڕای دەگەیەنین كە ئەمڕۆ بە فەرمی دەست بە كاركردن لە پڕۆژەی ستراتیجی (سیتی ستار مۆڵ - Halabja City Star Mall) كرا.

 ئەم پڕۆژەیە وێستگەیەكی نوێیە لە گەشەپێدانی سێكتەری بازرگانی لە پارێزگای هەڵەبجە و سەرمایەكەی هەشت ملیار دینارە.

رووبەری پڕۆژەكە بریتییە لە 11 هەزار و 517 مەتر دووجا كە 30%ـی بۆ سەوزایی تەرخان كراوە، ماوەی جێبەجێكردنەكەشی 27 مانگە.

پێكهاتەكەی بریتییە لە مۆڵێكی مۆدێرن لە سێ نهۆم (ماركێتی گەورە، هۆڵی لەشجوانی، كۆگە و پاركینگ بۆ ئۆتۆمبێل).

ئامانجی پڕۆژەكە بنیاتی ناوەندێكی مۆدێرن دەبێت بۆ كۆكردنەوەی براندەكان، دابینكردنی خزمەتگوزاریی سەردەمییانە و ڕەخساندنی چەندان هەلی كاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ گەنجانی هەڵەبجە.


وشە - رامیار جەواد