قەیرانی بودجەی 2026 عێراق بەرەو هەرەس دەبات

:: AM:10:41:30/05/2026 ‌
راوێژكارێكی ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای دەكات كە بودجەی 2026 ئاڵۆزترین بودجەی عێراق دەبێت، ئەمەش بەهۆی پشێوییە هەرێمییەكان كە هەڕەشەن لەسەر نەوتی وڵاتەكە.

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕای گەیاند: عێراق خۆی لە بەردەم ئاڵنگارییەكی دووسەرەدا دەبینێتەوە، لە لایەكەوە چۆنیەتیی تێپەڕاندنی یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2026 لە ناوەڕاستی پشێوییەكی هەرێمیدا كە هەڕەشە لە هەناردەی نەوتەكەی دەكات و لە لایەكی تریشەوە پاراستنی سەقامگیریی دارایی لە ناوخۆی وڵاتدا.

دەشڵێت: سەرەڕای ململانێ جیۆپۆلەتیكییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆكان بۆ سەر جووڵەی دەریاوانی و وزە لە گەرووی هورمز، لە رووی دەستووری و سیاسییەوە هێشتا دەرفەتی داڕشتنی بودجەی 2026 لە ئارادایە.

باسی لەوەشكرد: كە بودجەی 2026 دەبێتە یەكێك لە هەستیارترین و ئاڵۆزترین بودجەكان لە مێژووی نوێی دارایی عێراقدا.



وشە - سۆران عەزیز