ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی پەتاتەیە و كوردستان 800 هەزار تۆنی ساڵانەی تێپەڕاندووە

:: PM:12:11:30/05/2026 ‌
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی پەتاتەیە و بەرهەمی پەتاتەی كوردستان ساڵ لە دوای ساڵ رووی لە زیادبوون كردووە، پارێزگای دهۆك بە بەرهەمهێنەری یەكەم دادەنرێت، رێژەی زیادبوونی بەرهەمیش لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا 900% بووە.

پەتاتەی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا گەشەكردنێكی زۆری لە بەرهەمهێنان بەخۆیەوە بینیوە، ئێستە وەك یەكێك لە سەرەكیترین بەرهەمە كشتوكاڵییە ستراتیجییەكانی كوردستان و عێراق هاژمار دەكرێت بەهۆی چۆنیەتی و جۆری نایابی، ئەم بەرهەمە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا خواستێكی زۆری لەسەرە. 

بەپێی قسەی ئەندازیارێكی كشتوكاڵ، بەرهەمی پەتاتەی كوردستان بەهۆی بوونی چەندان پێكهاتە لە خاكەكەی، وایكردووە یەكێك بێت لە باشترین پەتاتەكانی دنیا، سنووری دهۆكیش لە بەرهەمهێنان یەكەمە.

بورهان سەعید ئەندازیاری كشتوكاڵ، بۆ "وشە" دەڵێت، ساڵی 2023 وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بڕی 120 تۆن پەتاتەی بە پێنج بارهەڵگر لە هەولێرەوە ڕەوانەی وڵاتی ئیمارات كرد.

زیاتر گوتی، لە هەمان ساڵدا 2023 بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی كوردستان 650 هەزار تۆن بوو، بۆ ساڵی 2024 گەیشتە 700 هەزار تۆن و بۆ ساڵی 2025 گەیشتە 750 هەزار بۆ 800 هەزار تۆن.

بڕیارە ئەمڕۆ فێستیڤاڵی پەتاتە لە پۆلۆنیا بەڕێوە بچێت، هەرێمی كوردستانیش بۆ چوارەمین ساڵە بە فەرمی لەلایەن پۆڵۆنیاوە بانگهێشتی فێستیڤاڵەكە دەكرێت و بە بەرهەمی ناوخۆیی بەشداری دەكات، هەروەها بەرهەمی پەتاتەی كوردستان بەشداری لە فێستیڤاڵی پەتاتەی جیهانی لە پۆڵۆنیا دەكات و بڕیاریشە لێكتێگەیشتنێك بۆ هەناردەكردنی پەتاتە و هەنار بۆ ئەوروپا واژوو بكرێت.

بەپێی ئامارێك كە "وشە" دەستی كەوتووە، ئێستە بڕی بەرهەمی ساڵانە لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 800 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم دەهێنرێت، ئەمە لە كاتێكدایە لە پێش ساڵی 2019 بڕی بەرهەم 100 هەزار تۆن دەبوو.

لە ئامارەكاندا ئەوەیش هاتووە، ڕێژەی گەشەكردن ئاستی بەرهەمهێنان لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا نزیكەی 800% زیادی كردووە.

جۆری پەتاتەی كوردستان لە جۆرە باشەكانە، نزیكەی 30 جۆری جیاوازی پەتاتە دەچێنرێن كە بۆ خواردنی ماڵەوە، چپس و فینگر بەكار دێن.

ناوچە سەرەكییەكانی چاندن، پارێزگای دهۆكە كە بە سەرچاوەی سەرەكی دادەنرێت، بەتایبەت دەشتی ناوكوڕ لە قەزای بەردەڕەش كە ساڵانە بە تەنیا زیاتر لە 300 هەزار تۆن بەرهەم دەهێنێت، پارێزگای هەولێر بەشێكی بەرچاو لە بەرهەمی پەتاتە لە سنووری ئەم پارێزگایە بەرهەم دەهێنرێت كە زیاتر لە 100 هەزار تۆن مەزەندە دەكرێت.

كوالێتیی بەرزی پەتاتەی كوردستان وایكردووە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە یەكێك لە باشترینەكان دابنرێت، بەهۆی ئەوەی بەرهەمەكە زۆر لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە، هەناردەی چەندان وڵات دەكرێت، لەوانە: بەتایبەت ئیمارات، قەتەر، و سعوودیە، ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا سەتان تۆن پەتاتە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەكانەوە ڕەوانە كراوە.

بەشداریی جیهانی: پەتاتەی كوردستان بۆ چەندان ساڵە لە فێستیڤاڵی جیهانیی پەتاتە لە پۆڵۆنیا نمایش دەكرێت. 

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی پەتاتەیە (International Day of Potato)  ساڵانە لە 30ـی ئایار، ئەم رۆژە لەلایەن كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لە كۆتایی ساڵی 2023 لەسەر پێشنیازی دەوڵەتی پیرۆ و بە هاوكاری ڕێكخراوی فاو (FAO)  پەسند كرا، یەكەمین یادی فەرمی لە 30ی مایسی 2024 بەڕێوەچوو.

پەتاتە سێیەمین بەرهەمی كشتوكاڵی پڕخواردنە لەسەر ئاستی دنیا (لە دوای برنج و گەنم)، سەرچاوەی سەرەكیی خۆراكی زیاتر لە ملیارێك مرۆڤە. بەپێی لێدوانی بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكان، یارمەتیدەرێكی گەورەی جووتیارە بچووكەكان و خێزانییەكانە بۆ دابینكردنی بژێوی ژیان و رەخساندنی هەلی كار لە گوندەكاندا.

لە دنیادا زیاتر لە پێنج هەزار جۆری جیاوازی پەتاتە هەیە كە لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی فاو بۆ رۆژی پەتاتە هانی پاراستنی ئەم جۆرە جیاوازانە دەدرێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا.

پەتاتە بەراورد بە زۆربەی دانەوێڵە و بەرهەمە سەرەكییەكانی تر، ئاو و غازی كەمتر دەردەدات و پێویستی بە سەرچاوەی سروشتی كەمترە بۆ گەشەكردن، دروشمی ساڵانە نەتەوە یەكگرتووەكان دەیەوێت لە ڕێگەی چالاكییە جۆراوجۆرەكانی ئەم رۆژەوە سەرنج بخاتە سەر لایەنە ئابووری و ژینگەییەكانی پەتاتە. بۆ نموونە دروشمی فەرمی بۆ یادی ساڵی 2026 بریتی بوو لە "لەو شوێنەی پەتاتە گەشە دەكات، بژێوی ژیانیش گەشە دەكات".




وشە - رامیار جەواد