هەولێر تا 2050 چۆن گەشە دەكات؟ .. توێژینەوەیەك لەبارەیەوە بڵاو كرایەوە

:: PM:04:36:30/05/2026 ‌
عەلی ئیبراهیم شارەزاییەكی بواری عەقاراتە لە هەولێر، توێژینەوەیەكی بڵاو كردەوە لەبارەی كاریگەری دروستكردنی شەقامی 180مەتری و 200 مەتری لەدەوری پشتێنەی سەوزایی هەولێر و هێڵی ترام و شەمەندەفەر لەسەر گەشەی بازاری خانووبەرە تا ساڵی 2050.

عەلی ئیبراهیم لە توێژینەوەكەیدا باسی لەوە كردووە كە هەولێر لە ماوەی دوو دەیەی داهاتوودا بە شێوەیەكی خێرا گەشە دەكات، بەپێی پلانی ئاوەدانكردنەوەی شار، دروستكردنی دوو شەقامی بازنەیی تر دەكرێت ناویان لێ بنێین 180 مەتری و 200 مەتری لە دەوری پشتێنەی سەوزایی و هەروەها جێبەجێكردنی سیستەمی ترام و شەمەندەفەر، دەتوانێت گۆڕانكارییەكی گەورە لە جووڵەی خانووبەرە و نرخی زەوی و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە نوێیەكان دروست بكات.

ئەو بۆ "وشە" گوتی، گرنگی شەقامی 180 مەتری و 200 مەتری دەبێتە هۆی چارەسەری تەنگژەی جەنجاڵی و قەرەباڵغی هاتوچۆ و بەستنەوەی ناوچە نوێیەكان بە یەكتر و  دروستبوونی ناوەندی بازرگانی و ئابووری نوێ، چونكە زۆربەی شارە گەورەكانی دنیا لە دەوری شەقامە بازنەییەكان ناوچەی بازرگانی و پیشەسازیان گەشە كردووە.

هەروەها باسی لەوە كرد كە شەقامی 180 مەتری و 200 مەتری دەتوانێت ناوچەی ئاوەدانبوونی هەولێر بەرە و دەرەوە فراوان بكات و زەوییە دوورەكان بگۆڕێت بۆ ناوچەی نیشتەجێبوون و گەشتیاری و پیشەسازی گەورە.

كاریگەری لەسەر نرخ
ئەو دەڵێ‌، لە قۆناغی یەكەم زیادبوونی داواكاری بۆ زەوییەكانی نزیك شەقام و چاوەڕوانی بۆ وەبەرهێنانی گەورە و هەڵكشانی نرخی زەوی، دروستبوونی پرۆژەی نیشتەجێبوون دروستبوونی مۆڵ و بازاڕە بازرگانییەكان و هاتنی وەبەرهێنەران.

كاریگەری ترام لەسەر خانووبەرە چییە؟
ترام یەكێكە لە گرنگترین هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی موڵك لە دنیا كە دەبێتە هۆی گەیشتن بە ناوەندی شار بە خێرایی و كەمبوونەوەی خەرجی هاتوچۆ و زیادبوونی داواكاری بۆ موڵك لە نزیك وێستگەكان

هەولێری 2050
ئەگەر ئەم پرۆژانە جێبەجێ بكرێن، هەولێر دەبێتە گەورەترین ناوەندی ئابووری لەعێراق و سنووری شار بۆ چەند هێندەی ئێستە فراوان دەبێت، بە جۆرێك هەولێرێكی تر لە دەوری پشتێنەی سەوزایی دروست دەبن و ناوچەكانی نزیك ترام و شەمەندەفەر بە نرخترین ناوچەكانی خانووبەرە دەبن.

ئەو لەكۆتایشدا باسی لەوە كردووە كە شەقامی180 مەتری و 200 مەتری، ترام و شەمەندەفەر تەنیا پرۆژەی هاتوچۆ نین، بەڵكو ئامرازێكی ستراتیجیین بۆ گۆڕینی نەخشەی ئابووری و خانووبەرەی هەولێر. چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی 2026-2050دا ناوچەكانی دەوری ئەم پرۆژانە گەورەترین گەشەی نرخی زەوی و موڵك بەخۆیانەوە ببینن و هەولێر بگۆڕن بۆ یەكێك لە شارە سەرەكییەكانی ناوچەكە.



وشە - وشه‌