بڕیاری نوێ‌ لەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەدرێت

:: AM:10:29:31/05/2026 ‌
بڕیارە ئەنجوومەنی ئابووری عێراق لە كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیارێكی نوێ‌ لەسەر وەرگرتنی بڕی گەنمی هەرێمی كوردستان بدات، ئەوەیش دوای پێدانی واژووی 100 پەرلەمانتاری عێراق بە ئەنجوومەنەكە، بەو رێژەیەی وەرگرتن رازی نین كە 400 هەزار تۆن گەنم دیاری كراوە.

بابەتی "ڕێژەی گەنمی كوردستان" دەكرێت بە دوو بەشی سەرەكی دابەش بكرێت، كۆی بەروبوومی گەنمی هەرێمی كوردستان و پشكی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە. 

چاوەڕوان دەكرێت بەرهەمی گەنمی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ 2026 بڕێكی زۆر بێت و لە نێوان ملیۆنێك و نیو بۆ دوو ملیۆن تۆن بێت، بۆ پێداویستی ناوخۆ هەرێمی كوردستان و بۆ پێداویستی (نانەواخانەكان و ئارد)، ساڵانە پێویستی بە نزیكەی 700 بۆ 800 هەزار تۆن گەنم هەیە. 

پشكی وەرگرتنی گەنمی هەرێم لەلایەن بەغداوە
حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە كە تەنیا 400 هەزار تۆن لە گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، هەرچی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەم بڕە كەمە ڕازی نییە و بەراورد بە كۆی بەرهەمەكە كەمی دەزانن، بە جۆرێك كە ئەو بڕە دیاریكراوە كەمترە لە %12ی كۆی بەرهەمی چاوەڕوانكراوی گەنمی كوردستان. هەوڵەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەردەوامن بۆ ئەوەی بەغدا ڕێژەیەكی زیاتر لە گەنمی جووتیاران وەربگرێت. 

عەبدولكەریم عەوێنەیی ئەندامی كۆمەڵەی جووتیاران، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێستە دانوستان و گفتوگۆ لە نێوان وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك و ساغكردنەوەی تەواوی گەنمی جووتیاران. 

زیاتر گوتی، واژووی 100 پەرلەمانتار ئەمڕۆ بە ئەنجوومەنی ئابووری عێراق دەدرێت كە داوای گۆڕین و زیادكردنی پشكی هەرێمی كوردستان بۆ 600 هەزار تۆن دەكەن.

نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، پێش جەژن، لیژنەیەكی باڵا لە هەرێمی كوردستانەوە لەگەڵ لیژنەی باڵای عێراق كۆبووینەوە بۆ دیاریكردنی بڕی گەنمی وەرگیراو. سەرەتا لایەنی عێراقی بڕی 292 هەزار تۆنی دیاری كردبوو، بەڵام ئێمە رەتمان كردەوە واژووی لەسەر بكەین.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، هۆكارەكانی رەتكردنەوەكەی بۆ بەرزیی ئاستی بەرهەمی پێشبینیكراوی گەنم لەم ساڵدا گەڕاندەوە و گوتی، ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە سێ‌ ملیۆن و 330 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوە، بارانبارینیش زۆرباش بووە و بنەتۆوی باش دابەش كراوە. ئەم هۆكارانە وادەكەن بەرهەمی گەنم زۆر زیاتر بێت لە ساڵانی رابردوو.

بە گوتەی نەوزاد، بەپێی پێشبینییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، ئەمساڵ بەرهەمی گەنم لە هەرێمی كوردستان "زیاتر لە یەك ملیۆن تۆن" دەبێت.

هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بە "وشە"ـی راگەیاند، نووسراومان لەبارەی وەرگرتنی گەنم ئاراستەی دەسەڵاتەكانی عێراق كردووە.

زیاتر گوتی، ئێمە سێ‌ ملیۆن و 300 هەزار دۆنمان داچاندووە بە گەنم، پێشبینی بۆ بەرهەمەكەی لە سەرووی دوو ملیۆن تۆنە.

دوای هەوڵ و پێوەندییەكانی لایەنە پێوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان، بڕی 108 هەزار تۆنی تر بۆ پشكی هەرێمی كوردستان زیاد كراوە و كۆی گشتی گەیشتووەتە 400 هەزار تۆن.

لەبارەی توانای هەڵگرتنی گەنم، نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان، كێشەی سایلۆ و شوێنی هەڵگرتنی نییە و گوتی، ئێمە 11 سایلۆمان هەیە كە توانای هەڵگرتنی نزیكەی 900 هەزار تۆن گەنمیان هەیە. لە كاتێكدا ئێستە نزیكەی 230 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆكاندا ماوەتەوە، واتە توانای وەرگرتنی نزیكەی 750 هەزار تۆن گەنمی ترمان هەیە.

جۆری گەنمی كوردستان
بەهۆی هەمەجۆریی خاك و كەشوهەواكەیەوە، گەنمی كوردستان بە یەكێك لە باشترین و دەوڵەمەندترین جۆرەكانی گەنم لەسەر ئاستی ناوچەكە دادەنرێت. لێكۆڵینەوە مێژووییەكان دەیسەلمێنن كە كوردستان نیشتمانی ڕەسەنی چاندنی گەنم بووە لە دنیادا (وەك لە گوندی چەرمۆ). 

جۆرەكانی گەنمی كوردستان بەپێی سەرچاوە و شێوازی چاندن بۆ چەند پۆلێك دابەش دەبن:

1 . جۆرە ڕەسەن و خۆماڵییەكان (كۆنەكان)
ئەم جۆرانە لە مێژەوە لە كوردستان دەچێنرێن و بە تام و بۆنی خۆش و گونجانیان لەگەڵ ژینگەی ناوچەكە ناسراون:
* سپیكە و زەردكە: بۆ نانكردن و ئاردی سپی زۆرباشن.
* قەندەهاری و ڕەزاو: دەنكەكانیان درشتن و زیاتر بۆ ساوار و گەنمەكوتا بەكار دێن.
* ڕەشگوڵ: جۆرێكی تری خۆماڵییە كە بەرگریی باشی هەیە. 

٢. جۆرە پەرەپێدراو و هاوردەكراوەكان (نوێیەكان)
ئەم جۆرانە بەهۆی زۆریی بەرهەم و بەرگرییان دژی نەخۆشی باون:
* مەكسیباك: لە ساڵانی شەستەكانەوە هێنراوەتە كوردستان و ئێستە یەكێكە لە بەربڵاوترین جۆرەكان لەو ناوچانەی بارانیان مامناوەندە.
* ئەكساد: جۆرێكی ناسراوە و لە زۆر زەویی بەراودا دەچێنرێت.
* گەنمی بیانی (فڕەنسی، ئیتاڵی و ئەڵمانی): لەم ساڵانەی دواییدا بۆ زەوییە بەراوەكان (ئەوانەی پێویستیان بە ئاودانە) بەكار دێن و بەرهەمی زۆر دەدەن. 

٣. تەرزی نوێی داهێنراو لە كوردستان
* گەنمی مەعرووف: ئەم تەرزە لەلایەن كۆلێجی كشتوكاڵی زانكۆی سلێمانی پەرەی پێدراوە. ئەم جۆرە توانیویەتی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بەدەست بهێنێت، چونكە بەرهەمی یەكجار زۆرە و بەرگرییەكی سەرسوڕهێنەری دژی نەخۆشییەكانی گەنم هەیە.
* كەلار 2 و كەلار 2: تەرزگەلێكن كە تایبەت بۆ كەشوهەوای گەرم و وشكی ناوچەی گەرمیان گونجێنراون.


وشە - رامیار جەواد