بۆ هاوین و پایزی ئەمساڵ ئاوێكی زۆر لە 22 بەنداوی بچووك و مامناوەند و سێ بەنداوی گەورە گل دراوەتەوە و كە كۆی گشتی زیاتر لە نۆ ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان هەیە.
بەهۆی هەوڵەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری گلدانەوەی ئاو، ئەمساڵ بەنداوەكانی كوردستان ئاوێكی زۆریان گل داوەتەوە، بەپێی بەرنامەیەك لە مانگی شەشەوە بەرنامەی هاوینەی بەنداوەكان بۆ ئیدارەدانی ئاو، بەرهەمهێنانی كارەبا و بواری كشتوكاڵ دەست پێ دەكات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەكان ئاشكرای دەكات، ئێستە ئامادەكاری بۆ جێبەجێكردنی پلانێكی زانستی و هاوبەش لەگەڵ بەغدا دەكرێت بۆ چۆنیەتیی بەكارهێنان و بەردانەوەی ئەو ئاوە لە وەرزی هاویندا بۆ كەرتی كشتوكاڵ، خواردنەوە و بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا.
ڕەحمان خانی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، ئێستە زیاتر لە نۆ ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان گل دراوەتەوە.
هەرێمی كوردستان ئێستە خاوەنی 22 بەنداوی بچووك و مامناوەند و سێ بەنداوی گەورەیە، هەوڵ هەیە لە داهاتوو ژمارەی بەداوەكان زیاتر بكرێن.