بابەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە خاڵە گرنگەكانی كارنامەی هەموو حكوومەتەكانی عێراق بووە لە دوای 2003، ئەوان چەندان دامەزراوەی تایبەتیان بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دامەزراندووە، كەچی ئەو پارەی لە عێراق بە رێگەی جۆراوجۆر دزراوە خەیاڵییە، هەزاران گرێبەست لە بوارە جیاجیاكان كراوە و سەتان كۆمپانیای وەهمی هەن، ئەوانە وایان كردووە عێراق ساڵانە لە دواوەی لیستی دیوەدەری بێت، بەڵام بۆچی دامەزراوە تایبەتەكان بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی نەیانتوانیوە شتێكی وا بكەن كە باسی بكرێت؟
موجاشیع تەمیمی توێژەری سیاسی لەبارەی دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای سیادی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاودێری، كە بەم دواییە لە لایەن عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری دامەزراندنی درا دەڵێت، ئاڵنگاریی راستەقینە لەبەردەم ئەو ئەنجوومەنە نوێیە بریتییە لە هەڵدانەوەی دۆسیە گەورەكانی گەندەڵی بێ جیاوازیكردن، بەتایبەتی ئەو دۆسیانەی پێوەستن بە گرێبەست و پڕۆژەكانی گومانیانی گەندەڵییان لەسەر هەیە و لە لایەن سیاسەتوان و حزبەكانەوە پارێزگاریان لێ دەكرێت، بۆیە خواستی سیاسییانەی حكوومەت هۆكاری یەكلاكەرەوەیە بۆ ئەو بابەتە.
روونی كردەوەن لە ساڵانی رابردوو لە عێراق چەندان ئەنجوومەن و لیژنە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هاتنە دامەزراندن كە دروشمی نەهێشتنی گەندەڵییان بەرز كردەوە بێ ئەوەی گۆڕانكاری پێویست بەدەست بێنن، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نادات هەر ئەزموونێكی نوێ هاوشێوەی پێشوو شكست دێنێت، گەندەڵی لە عێراق بووەتە دیاردە لە بنیاتی دەوڵەت و رەگوڕیشەی بۆ ناو كایەكانی دەوڵەت شۆڕ كردووەتەوە، ئەوەش وای كردووە رووبەڕووبوونەوەی ئەو سیستمە ئاڵۆز بێت و رووبەڕووی هاوسەنگی و بەرژەوەندیی باڵادەستەكان ببێتەوە.