نرخی غازی ماڵان و بازرگانی لە هەولێر دابەزی و لە سلێمانیش بۆ زستان هەڵدەگیرێت

:: AM:11:22:02/06/2026 ‌
نرخی غازی ماڵان و بازرگانی لە هەولێر بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی، هاوكات بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكان دڵنیایی دەدات كە دابەشكردنی غاز لە ڕێگەی بریكارەكانەوە بە سیستمی كۆبۆن بەردەوام دەبێت. لە سلێمانیش بۆ زستانی هەڵدەگرن.

جەنگی مەجید سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر، بۆ "وشە" گوتی، ئێستە لیترێك غاز لە نێوان 875 بۆ 890 دینار دەفرۆشرێت، لە كاتێكدا دوو ڕۆژ لەمەوبەر لیترێك بە هەزار و 50 دینار بوو. نرخی بوتڵێك غاز ئەمڕۆ بووەتە 16 بۆ 17 هەزار دینار كە پێشتر بە 25 هەزار دینار بوو.

ئەو پلانەی دانراوە وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت، چونكە پێیان وایە سەركەوتوو بووە، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر گوتی، دابەشكردنی غاز لە ڕێگەی بریكارەكانەوە بەردەوام دەبێت، بەپێی ئەو بڕە غازەی بۆمان ڕەوانە دەكرێت، بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی دەكەین.

بەهۆی نەمانی سەرما و هاتنی گەرما بەكارهێنانی غاز لەلایەن هاووڵاتییانەوە كەمتر بووەتەوە. بۆیە سلێمانی هەر لە ئێستەوە  خۆی بۆ زستان ئامادە دەكات و ئیدارەی شارەكە غاز بۆ ئەوكات دابین دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم فازڵ عومەر قایمقامی سلێمانی بە وەكالەت بە ئامادەبوونی لیژنەی باڵا و لیژنەی غازی سەربە لیژنە هاوبەشەكان، لەگەڵ خاوەن كارگەكانی غاز كۆبووەوە.

لەو كۆبونەوەیەدا گفتوگۆ كرا لەسەر چۆنێتی وەرگرتن و دابەشكردنی ئەو بڕە غازەی پشكی سلێمانییە بەسەر كارگەكانی غازدا، بۆ ئەوەی بە پلان و لە ژێر چاودێریدا بگات بە دەستی هاووڵاتییان.

وەرزێر عەبدوڵا نوێنەری كارگەكانی غازی سلێمانی ڕای گەیاند، ئەو بڕە غازەی ئێستە‌ دێتە شاری سلێمانییەوە بەشی پێویستی دەكات و كێشەی كەمی بڕی غازمان نەماوە. 

گوتیشی: پلانمان داناوە بۆ ئەوەی لە وەرزی هاویندا كە داواكاری لەسەر غازی ماڵان كەمترە، بڕێكی زۆر غاز لە كۆگەكانماندا هەڵبگرین بۆ ئەوەی لە وەرزی زستاندا بدرێت بە هاووڵاتییان و كێشەی كەمبوونەوەی غاز دروست نەبێت.




وشە - سۆران عەزیز