دوای هەولێر ژووری بازرگانیی سلێمانیش بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ قەرزی بازرگانان دەركرد

:: AM:11:49:02/06/2026 ‌
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ قەرزە كەڵەكەبووەكانی چەند ساڵی ڕابردووی بازرگانان دەركرد.

نەوزاد غەفوور سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بڕیار دراوە بە لێخۆشبوون لە قەرزی كەڵەكەبووی ئەو ئەندامانەی ژووری بازرگانی كە بۆ ماوەی چەند ساڵێكە قەرزارن.

 بەپێی بڕیارەكە، ئەو ئەندامانەی تەنیا قەرزی ساڵی 2025ـیان لەسەرە، لێخۆشبوونەكە دەیانگرێتەوە و تەنیا ڕسووماتی پێناسی ساڵی 2026 دەدەن. هەروەها ئەو كەسانەی بۆ چەند ساڵێك قەرزارن، تەنیا ڕسووماتی ساڵانی 2025 و 2026ـیان لێ وەردەگیرێت.

سەرۆكی ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوە كرد كە ئەم بڕیارە ئێستە پێناسی نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی ناگرێتەوە، چونكە بڕیار وایە لە ماوەیەكی نزیكدا بڕیارێكی تایبەت و جیاواز بۆ ئەو سێكتەرە دەربكرێت.

دوێنیش  گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆكایەتیی یەكێتیی ژوورە بازرگانییەكان، بە مەبەستی سووككردنی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی ئەندامان و هاندانی زیاتری كەرتی تایبەت، بڕیاری داشكاندن و لێخۆشبوون دەرچوو.

گوتی، داشكانەكە پاكتاوكردن و لێخۆشبوونی رسووماتی ساڵانی رابردووە كە بڕیار درا تەنیا رسووماتی ساڵانی (2025 - 2026) لە بازرگانان وەربگیرێت، هەروەها هەر بازرگانێك تەنیا ساڵی 2025 قەرزار بێت، ئەوا لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت و تەنیا پێویست دەكات رسووماتی ساڵی 2026 بدات.




وشە - سۆران عەزیز