نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست رای گەیاند، هەفتەی داهاتوو مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەكرێت.
زیاتر لە 42 هەزار مامۆستای گرێبەست لە هەرێمی كوردستاندا هەن، كە لەو ژمارەیە 37 هەزار و 393، مامۆستایان سەر بە وەزارەتی پەروەردەن و چوار هەزار و 100 مامۆستاكەی تریش سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستین، كۆی گشتیی خەرجیی مانگانەی مووچەی ئەم مامۆستایانەش زیاتر لە 24 ملیار دینارە و تەواوی ئەو بڕە پارەیەش ڕاستەوخۆ لەسەر داهاتی ناوخۆیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت.
عەلی رەئووف نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست رای گەیاند، دوای بەدواداچوون و پێوەندییەكانیان لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان، دڵنیاییان پێدراوە كە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست دەكات بە دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنجی سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست.
زیاتر گوتی، داوایان كردووە كێشەی دواكەوتنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست بە یەكجاری چارەسەر بكرێت و بۆ مانگەكانی داهاتوو هاوشێوەی فەرمانبەرانی تر لە كاتی خۆیدا مووچەیان پێبدرێت، نەك هەمیشە بخرێنە كۆتایی خشتەكانەوە.