وەزارەتی نەوت هۆكاری قەیرانی بەنزینی لە بازاڕەكاندا ئاشكرا كرد

:: AM:10:44:04/06/2026 ‌
وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی كەمبوونی بەنزینی لە بازاڕەكاندا رای گەیاند، كشانەوەی كۆمپانیایەكی بیانی لە پاڵاوگەكانی باشوور بەهۆی مەترسییە تەناهییەكان و بەرزبوونەوەی پێوانەیی خواستی ناوخۆیی، هۆكاری سەرەكیی قەیرانەكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری حوزەیران، وەزارەتی نەوت لە روونكردنەوەیەكدا رای گەیاند، جێهێشتنی كارەكان لەلایەن ئەو كۆمپانیا بیانییەی كە بەرپرس بوو لە جێبەجێكردنی یەكەی شكاندن (FCC) لە پاڵاوگەكانی باشوور، بووەتە هۆی لەدەستدانی رۆژانەی چوار بۆ پێنج     ملیۆن لیتر بەنزینی كوالێتی بەرز "موحەسەن".

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتەكە، هەرچەندە توانراوە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە لە 30 ملیۆن لیتر جێگیر بكرێت و پاڵاوگەكان بە زۆرترین توانای خۆیان كار دەكەن، بەڵام بەهۆی رۆژانی جەژن و بۆنە ئاینییەكانەوە خواست لەسەر بەنزین بەرزبوونەوەی پێوانەیی تۆمار كردووە. تەنیا لە رۆژی چوارشەمدا خواستی بەكارهێنان گەیشتووەتە 35 ملیۆن لیتر، لە كاتێكدا پێشتر لە بەرزترین ئاستیدا تەنیا 32 ملیۆن لیتر بووە.

وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەم دۆخە كورتهێنانێكی بە بڕی چوار ملیۆن لیتر لە رۆژێكدا دروست كردووە، بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە و دابینكردنی پێداویستی هاووڵاتییان، ئێستە پەنایان بۆ بەكارهێنانی یەدەگی عەمباركراو بردووە.

پێوەست بە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی رابردووەوە بەهۆی هێرشی موشەكی و درۆنەوە كاركردنی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت راگیرابوو، رۆژی چوارشەم عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندێكی هەولێر و بە ئامادەبوونی سەرۆك ئەركانی سوپا كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق، فەرمانی دا بە پاراستنی كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان و دەستپێكردنەوەی كاری كۆمپانیا بیانییەكان لەمڕۆ پێنجشەمەوە.



وشە - سۆران عەزیز