ئەمڕۆ هەینی 5ی حوزەیرانی 2026، تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریکی ئاشکرای کرد کە ئیسرائیل بنکەی سەربازی و هەواڵگریی "نهێنی" لە عێراق، ئازەربایجان، ئیمارات و سۆماڵیلاند دامەزراندووە، ئەمەش لە کاتی ئەو شەڕەی کە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریکا لە دژی ئێران لە کۆتاییەکانی مانگی شوبات و ئاداری ڕابردوو دەستیان پێ کرد.
تۆڕەکە لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگەدارەوە گواستیەوە کە ئیسرائیل بە نهێنی یەکەی سەربازی و هەواڵگریی بژاردەی لە ئازەربایجان بڵاوە پێ کردووە، وەک بەشێک لە تۆڕێکی فراوانی بنکە نهێنییەکان لە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ئاسانکاریی ئۆپراسیۆنەکان لە دژی ئێران. دوو لە سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەم هێزانە لە چەند بنکەیەکەوە لە باشووری ئازەربایجان و لەسەر سنووری باکووری ئێران کاریان کردووە، کە نزیکترین خاڵ تەنیا 60 میل لە شاری تەورێزی ئێرانییەوە دوور بووە، کە لە کاتی شەڕەکەدا لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج.
هەروەها باس لەوە کراوە کە یەکەی تایبەت لە هێزە هێرشبەرەکان (کۆماندۆز) لەو پێگەیە جێگیر کراون و ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و ئۆپراسیۆنیان بە بەکارهێنانی درۆن جێبەجێ کردووە، ئەمەش پێگەیەکی ستراتیجیی بەنرخی بە ئیسرائیل داوە بۆ چاودێریکردنی باکووری ئێران لە کاتی شەڕەکەدا. ئەم بڵاوەپێکردنە، توانایەکی بێپێشینەی بە سوپای ئیسرائیل بەخشیوە و ڕۆڵی وڵاتانی دراوسێی ئێران دەردەخات لە کارئاسانیکردن بۆ ئۆپراسیۆنەکان لە دژی تاران.
سەرچاوەکان ڕوونیان کردەوە کە بنکەکانی ئازەربایجان بەشێک بوون لە زنجیرەیەکی فراوان لە بنکە و پێگەی سەربازیی نهێنی کە عێراق و ئیمارات و سۆماڵیلاندی گرتووەتەوە. ئەم هێزانە کە لە سەرەتادا تەنیا بۆ تیمی ڕزگارکردن لە کاتی لەناکاو پلانڕێژییان بۆ کرابوو، دواتر فراوان کران بۆ بنکەی سەربازی و هەواڵگری. ئەم بڵاوەپێکردنە وای کرد سوپای ئیسرائیل لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای ئێرانەوە گەمارۆی ئەو وڵاتە بدات و سەدان میل بڕواتە ناو قووڵایی خاکی ئێرانەوە. ئۆپراسیۆنەکەی ئازەربایجانیش چەندان سەربازی هێزی تایبەت و تیمی ڕزگارکردن و ئەندامانی دەزگای مۆسادی لەخۆ گرتووە، هەرچەندە گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە ئەمەریکا بەتەواوی ڕەتی کردەوە کە خاکی وڵاتەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر دەوڵەتانی تر بەکار هێنرابێت.
سەبارەت بە سۆماڵیلاند، یەکێک لە سەرچاوەکان ڕای گەیاندووە کە کۆماری سۆماڵیلاندی جیابووەوە لە ناوچەی قۆچی ئەفریقا، بنکەیەکی سەربازیی زیادەی بۆ ئیسرائیل دابین کردووە، کە وەک خاڵێکی وەستان بۆ فڕۆکە ئیسرائیلییەکان لە گەشتە مەودا درێژەکانیان بەرەو ئێران بەکار هاتووە. جێی باسە، ئیسرائیل یەکەم وڵات بوو کە لە کانوونی یەکەمی 2025 بەفەرمی ددانی بە سۆماڵیلانددا نا، هاوکات ئیماراتیش بوونێکی فراوانی بازرگانی و سەربازی لە شاری بەربەرەی کەنار دەریایی هەیە.
لە عێراقیش، سوپای ئیسرائیل لە کاتی بەشێک لە شەڕەکەیدا لەگەڵ ئێران، دوو دامەزراوەی نهێنیی پاراستووە، کە بوونەتە بنکەی پێشەوە بۆ پاڵپشتیی لۆجستی و ئۆپراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردن لە کاتی پێویستدا. ئەم زانیارییانەش پێشتر لەلایەن ڕۆژنامەکانی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" و "نیویۆرک تایمز"ەوە بڵاو کرابوونەوە. لە کاتێکدا سوپای عێراق لە بەیاننامەیەکدا بوونی هەر "بنکە و هێزێکی ڕێپێنەدراو"ی لە وڵاتەکەدا تا سەرەتای مانگی ئاداری ڕابردوو ڕەت کردبووەوە.
لە ئیمارات، ئیسرائیل بەبێدەنگی پاترییەکی بەرگریی ئاسمانی لە جۆری "قوبەی ئاسنین" بە تەواوی تیمەکانییەوە لەگەڵ سیستەمی بەرگریی تردا جێگیر کردووە. پێشتریش سی ئێن ئێن بڵاوی کردبووەوە کە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیران، سەرۆکی مۆساد و فەرماندەی سوپای ئیسرائیل لە کاتی شەڕەکەدا سەردانی ئیماراتیان کردووە، کە ئیمارات ئەو سەردانەی بەتەواوی ڕەت کردەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو، ئیسرائیل ئەرکێکی نهێنی لەسەر سنووری ئازەربایجان و ئێران ئامادە کرد بۆ چاندنی ئامێری گوێگرتن و هەواڵگری. سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران لە ساتەکانی کۆتاییدا هەڵوەشاندەوە بەهۆی ڕازیبوونی ئێران بە وەستاندنی کوشتنی خۆپێشاندەران، بەڵام ئیسرائیل بەتەنیا و بە بەکارهێنانی فڕۆکەی تارمایی پلانەکەی جێبەجێ کرد.
یەکێک لە ئۆپراسیۆنە سەرەکییەکان کە لە ئازەربایجانەوە جێبەجێ کرا، کوشتنی ڕەحمان موقەدەمی سەرکردە بوو لە هەواڵگریی سوپای پاسداران لە چواری ئاداری ڕابردوو، کە تۆمەتبار بوو بە پلاندانان بۆ کوشتنی ترەمپ لە ساڵی 2024. دوای ڕۆژێکیش، درۆنەکان هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی نەخچیڤان لە ئازەربایجان و ئیلهام عەلیێڤ سەرۆکی ئەو وڵاتە ئێرانی بە "کردەوەیەکی تێکدانی ئاسایش" تۆمەتبار کرد. لە شەشی ئاداریشدا، دەزگای ئاسایشی ئازەربایجان پیلانێکی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئازەربایجان و ئامانجە ئیسرائیلییەکان پووچەڵ کردەوە.
شارەزایان پێیان وایە کە پێوەندییەکانی ئیسرائیل و ئازەربایجان لەسەر بنەمای ستراتیجی و بازرگانی و سەربازی دامەزراون، چونکە باکۆ بەشێکی زۆری نەوت بۆ ئیسرائیل دابین دەکات، لە بەرانبەریشدا چەکی پێشکەوتووی وەک "قوبەی ئاسنین" و درۆنی لێ دەکڕێت، کە لەلایەن ئازەربایجانەوە وەک پردێکیش بۆ نزیکبوونەوە لە ئەمەریکا و بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەکار دەهێنرێت.