سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق رای گەیاند، یەكخستنەوەی ڕێكارە گومرگییەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دەستی پێ كردووە، بەوەش تەواوی بازگە ناوخۆییەكانی نێوان هەردوولا لادەبرێن.
عومەر وائیلی سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكان رای گەیاند، لێكگەیشتنی زۆرباش بۆ ڕێكخستنی پێناسی گومرگی و یەكخستنی پشكنینی پێشوەختەی ئەو كاڵایانەی دەگەنە عێراق هاتووەتە ئاراوە.
وائیلی هەبوونی بازگەی لە نێوان هەرێم و عێراق بە "كارێكی نامۆ" وەسف كرد، كە لەگەڵ یەكخستنەوەی پێناس و ڕێكارەكاندا، پێویستیان پێ نامێنێت و هەڵدەوەشێنرێنەوە.
عومەر وائیلی دووپاتیشی كردەوە، دەبێت دەروازە سنوورییەكان ببنە پردێك بۆ لێكنزیكبوونەوەی هەردوو حكوومەتی فیدراڵا و هەرێم، نەك هۆكاری لێك دووركەوتنەوە.