دەستپاكی پێشێلكاریی گەورەی لە پڕۆژەیەكی كەركووكدا ئاشكرا كرد و دوو كەسیش گیران

:: PM:03:05:07/06/2026 ‌
دەستەی دەستپاكی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم حەوتـی حوزەیران ڕای گەیاند، توانیویانە كۆمەڵێك پێشێلكاری، كەموتەرخەمی و گومانی گەندەڵی لە پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاریی گەورەدا لە پارێزگای كەركووك ئاشكرا بكەن كە تێچووەكەی بە زیاتر لە چوار ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، هاوكات گرتنی دوو تۆمەتباریشی لە كاتی جێبەجێكردنی پرۆسەكەدا پشتڕاست كردەوە.

دەستەكە ڕوونی كردەوە كە تیمێكی مەیدانیی سەربە نووسینگەی لێكۆڵینەوەی كەركووك سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەكانی پارێزگاكەیان كردووە، دوای پشكینین و وردبینیی ورد، توانیویانە سەرۆكی بازنەی ئەندازیاری نیشتەجێی پڕۆژەكە لەگەڵ ئەندامێكی تری هەمان بازنە بگرن، ئەمەش لەسەر پشتبەستن بە سەرپێچیی توند لە پڕۆژەی كۆنكرێتكردنی شەقامەكانی ناو 11 گوندی سەر بە پارێزگاكە.

بەپێی بەیاننامە فەرمییەكە، لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە كە پڕۆژەكە بە پێچەوانەی مەرج و تایبەتمەندییە تەكنیكییە داواكراوەكان جێبەجێ كراوە، ئەمەش لە ڕێگەی كەمكردنەوەی ئەستووری چینە كۆنكرێتییەكان و پابەندنەبوون بە بەكارهێنانی ئاسنی شیشی جۆری (BRC) كە لە گرێبەستەكەدا دیاری كراوە.

تیمە مەیدانییەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە گومانی گەندەڵی و دواكەوتنێكی زۆر لەم پڕۆژەیەدا هەیە، كە بودجەكەی لە سەرچاوەی دارایی (سندووقی سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی دەستی كردەوە تیرۆریستییەكان / بەشی گرێبەستەكان) دابین كراوە، پێشتر پڕۆژەكە بە بڕی چوار ملیار و 239 ملیۆن و 900 هەزار دینار بەخشرابووە یەكێك لە كۆمپانیاكانی بەڵێندەرایەتی گشتی و وەبەرهێنانی پیشەسازی.

دەستەی دەستپاكی ڕاشی گەیاند، كۆنووسێكی فەرمیی دەستبەسەرداگرتن ڕێكخراوە و هەردوو تۆمەتبارەكە ڕووبەڕووی دادوەر لە دادگای لێكۆڵینەوەی كەركووك (تایبەت بە دۆسیەكانی دەستپاكی) كراونەتەوە، ئەویش بڕیاری ڕاگرتنی بۆ داون بۆ لێكۆڵینەوە، لە پاڵ تۆماركردنی گەواهی و گوتەی نوێنەرە یاساییەكانی پارێزگا، بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبان و پردەكان و شارەوانییەكانی كەركووك.




وشە - سۆران عەزیز