عێراق: رۆژانە ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی سووریا و توركیا دەكەین

:: PM:03:10:07/06/2026 ‌
باسم عەبدولكەریم بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی بەسرە ئاشكرای دەكات، ئامانجی حكوومەتی عێراق ئەوەیە رۆژانە ملیۆنێك بەرمیل نەوت هەناردە توركیا و سووریا بكات و دووپاتیشی دەكاتەوە، ئێستە نزیكەی 60%ی ئەو بڕە هەناردەی ئەو دوو وڵاتە دەكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی حوزەیران، باسم عەبدولكەریم شەمخانی بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی بەسرە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی ئاشكرای دەكات، ئەو بڕە نەوتەی ئێستە لە رێگەی بۆڕییەكانی نەوتی هەرێم لەگەڵ ئەوەی بە تانكەر هەناردەی سووریا دەكرێت، لە 650 هەزار بەرمیلی رۆژانە نزیك دەبێتەوە و ئەمەیش دەكاتە 60%ی ئەو بڕەی كە حكوومەتی عێراق وەك ئامانج دیاری كردووە.

 باسم شەمخانی باس لەوە دەكات حكوومەت خوازیارە رۆژانە ملیۆنێك بەرمیل لە رێگەی ئەو دوو وڵاتەوە هەناردە بكات، بۆیە بڕی ئەو نەوتەی لە باشوورەوە رەوانەی كەركووك دەكرێت بە مەبەستی هەناردەكردن، لە 150 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ 350 هەزار بەرمیل زیاد دەكرێت.

عێراق رۆژانە نزیكەی سێ‌ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەسرەوە هەناردە دەكات، بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز ئەم بڕە دابەزیوە، بۆیە بیر لە دەروازەی تر دەكاتەوە بۆ هەناردەكردنی نەوت. 




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل