بە وەستانی فڕۆكەخانەكان عێراق لە هەر سەعاتێكدا 15 هەزار دۆلار زیانی بەردەكەوێت

:: AM:11:32:08/06/2026 ‌
بەپێی خەمڵاندنێكی روانگەی ئیكۆی عێراق كە رێكخراوێكی بواری ئابوورییە، عێراق بە داخستنی فڕۆكەخانەكانی، لە هەر سەعاتێكدا 15 هەزار دۆلار زیانی بەردەكەوێت.

ئەمڕۆ دووشەم هەشتی حوزەیران، روانگەی ئیكۆ هۆشداریی داوە، بڕیاری داخستنی فڕۆكەخانەكان و وەستاندنی گەشتی ئاسمانی زیانێكی گەورەی بۆ عێراق دەبێت. 

رێكخراوەكە روونی كردووەتەوە، رۆژانە نزیكەی 800 فڕۆكە لە ناوخۆ و دەرەوە بە ئاسمانی عێراق تێدەپەڕن، باجی هەریەكێكیان 450 دۆلارە، ئەمە جگە لە داهاتی تر كە رۆژانە 360 هەزار دۆلار دەبێت. 

رێكخراوەكە دووپاتی دەكاتەوە كە تێكڕای رۆژانەی تێپەڕبوونی فڕۆكەكان لە عێراق 700 تا 750 فڕۆكە دەبێت، ئەگەریش گەشتە ئاسمانییەكان بوەستێت، ئەوا عێراق لە هەر سەعاتێكدا 15 هەزار دۆلار زیانی بەردەكەوێت.

لەگەڵ دەستپێكردنەوەی هێرشەكانی ئیسرائیل و ئێران دژ بە یەكتر، عێراق بڕیاری دا گەشتە ئاسمانییەكان بوەستن.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل