پارەی گەنم خەرج كرا

:: PM:12:40:10/06/2026 ‌
بڕێك لە پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی رابردوو خەرج كرا و بڕەكەشی بریتییە لە 41 ملیار و 450 ملیۆن دینار.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی حوزەیران، سەروەر هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ بڕیاری خەرجكردنی شەشەمین قۆناغی پارەی گەنمی جووتیاران درا و بڕەكەی 41 ملیار و 450 ملیۆن دینارە.

زیاتر گوتی، دابەشبوونی ئەو بڕە پارەیە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بە جۆرێك دەبێت، بۆ پارێزگای هەولێر 13 ملیار و 717 ملیۆن دینار، بۆ پارێزگای سلێمانی 16 ملیار و 858 ملیۆن دینار و بۆ پارێزگای دهۆكیش 10 ملیار و 875 ملیۆن دینار دەبێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، كۆی گشتیی مافی دارایی جووتیاران بۆ ئەمساڵ 301 ملیار و 507 ملیۆن دینار بووە. روونیشی كردەوە، ئەگەر ئەم 41 ملیارەی قۆناغی شەشەم بگاتە دەستی جووتیاران، ئەوا كۆی ئەو پارەیەی تا ئێستە پێیان دراوە، دەگاتە 159 ملیار و 752 ملیۆن دینار.



وشە - رامیار جەواد