عێراق و سووریا بۆری نەوتی كەركووك- بانیاس زیندوو دەكەنەوە

:: PM:08:37:11/06/2026 ‌

لە دوای داخرانی گەرووی هورمز، بەرپرسانی عێراق گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە بۆ رێگرتن لە تەنگژەیەكی سەختی دارایی و ئابووری لە ئەنجامی پشتبەستن بە تەنیا بەندەرەكانی بەسرە بۆ هەناردنی نەوت، عێراق پێویستیی بە جۆراوجۆركردنی دەروازەكانی هەناردن هەیە، لەوانە لە رێگەی توركیا و ئوردن و سووریا، باڵوێزی عێراق لە واشنتن باسی زیندووكردنەوەی بۆری نەوتی كەركووك- بانیاس دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم هەریەك لە نزار خەیروڵا باڵوێزی عێراق لە واشنتن و محەمەد قەناتری كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی سووریا لە واشنتن دووپاتیان لە زیندووكردنەوەی بۆری نەوتی كەركووك- بانیاس كردەوە، بەوەی پڕۆژەكە گەیشتووەتە قۆناغی پلاندانانی ستراتیجی بۆ هەناردنی یەك ملیۆن بەرمیل نەوت رۆژانە لەو رێگەوە، ئەوەش لە میانەی پانێلێكی تایبەت لە پەراوێزی دەست پێكردنی پڕۆژەی "چوار دەریاكە"، كە كارەكانی لە یانەی رۆژنامەوانیی نیشتمانی لە واشنتن لە لایەن پەیمانگەی "نیو لاینز"، بەڕێوە دەچێت. 

خەیروڵا ئاماژەی كرد كە دەكرێ پەرەپێدانی هێڵی كەركووك- بانیاس ئاستی هەناردنی نەوت بگەیەنێتە ملیۆنێك بەرمیلی رۆژانە، ئاراستەیەك هەیە بەرەو هاوبەشی لە غاز و كارەباش، ئەو پڕۆژە لە منداڵدانی تەنگژەكانی ئێستە لە ناوچەكە هەن لە بوونی هەڕەشە لەسەر هاتوچۆی كەشتییەكان لە گەرووەكانی هورمز و بابولمەندەب سەری هەڵداوە، هەنگاوی كردەنی بەرەو زیندووكردنەوە و پەرەپێدانی هێڵی كەركووك- بانیاس بە درێژایی 800 كیلۆمەتر نراوە، كە لە 1952 دروست كراوە و بەهۆی رووداوە جیاوازەكان زیانی بەر كەوتووە.

لای خۆیەوە قەناتری دووپاتی كردەوە كە لە سەرەتای قۆناغێكی مێژوویی و نوێدان لە پێوەندیی ستراتیجی لەگەڵ عێراق و ئامادەین بۆ گەیاندنی نەوت و غازی عێراق و گواستنەوەی بۆ توركیا و دەریای ناوەڕاست.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل