بایەخدان و بەرەوپێشبردنی زیاتر بە بەرهەمهێنانی ماسی، یەكێكە لە پلانە ستراتیجییەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمی ماسی لە هەرێمی كوردستان و عێراق لە پارێزگای دهۆك دروست كرا كە لە چەند بەشێك پێكدێت. لە قۆناغی یەكەمدا توانای بەرهەمهێنانی 200 تۆن گۆشتی ماسی هەیە و سەتان هەلی كاریشی بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕەخساندووە.
سامانی ماسی لە هەرێمی كوردستان بڕبڕەی پشت و بەشێكی گرنگی ئابووری و كشتوكاڵیی ناوچەكەیە، كە بەهۆی بوونی چەندان سەرچاوەی ئاوی سروشتی و پڕۆژەی مۆدێرن، گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
رێبوار عوسمان كە خاوەن پڕۆژەیەكی ماسییە، بۆ "وشە" دەڵێت، پڕۆژەكانی سەر زێ و رووبار و بەنداوەكان لە باشترین ماسییەكانی ناوچەكە بەرهەم دەهێنن، ئەمەیش وایكردووە ئەم كەرتە ئێستە گرنگی خۆی پەیدا بكات.
باس لەوەش دەكات، یەكێك لە باشییەكانی بەرهەمی ماسی و وەبەرهێنان لەو پڕۆژانەی ماسی ئەوەیە، هەمیشە نرخی باش دەكات و لەناو پڕۆژەدا كیلۆی ماسی سێ هەزار دینار دەكات، ئەمەیش بەمانای گرنگی ئەو پڕۆژەیە دێت.
هەرێمی كوردستان بەهۆی هەڵكەوتە جیۆگرافییەكەی و بوونی ئاوە گەرم و ساردەكان وایكردووە، سەرجەم جۆرەكانی ماسی یان باشترینەكانی تێدا بەخێو بكرێت، جۆرە باوەكانی ماسی لە كوردستان ئەمانەن:
- ماسی كارب (كەپوور): باوترین جۆری ماسییە كە لە حەوز و پڕۆژە ناوخۆییەكان بەخێو دەكرێت و خواستێكی زۆری لەسەرە.
- ماسی سۆلاڤ (قزل ئاڵا): زیاتر لە ناوچە شاخاوییەكان و ئەو شوێنانەی ئاوی سارد و ڕەوانیان هەیە بەخێو دەكرێت.
-جۆرە سروشتییەكان: وەك ماسی بنز (بزە) شەبووت، كەتان و حەمرا كە لە ڕووبار و بەنداوەكاندا دەژین.
شوكری عومەر بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرهەمی ماسی لە دهۆك گوتی، پڕۆژەیەكی گەورەمان دەست پێ كردووە كە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكان و تەواوكەری بەرهەمی كشتوكاڵییە لە هەرێمی كوردستان، سەرمایەكەی 10 ملیۆن دۆلارە؛ ئێستە 500 دەرفەتی كاری بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان ڕەخساندووە.
بەڕێوەبەری پڕۆژەكە دەڵێت، هیچ جۆرە پڕۆژەیەكی بەرهەمی ماسی لە تەواوی هەرێمی كوردستان و عێراق، بەو شێوەیە و بەو جۆرە سیستمە دروست نەكراوە؛ تەكنەلۆجیای پێشكەوتووی تێدا بەكار هێنراوە.
ئاماژە بەوەش كرد، ڕووبەری پڕۆژەكە 229 دۆنمە و پێكدێت لە هەڵهێنەری ماسی، تاقیگە، حەوزی خۆڵ و قەفەزی ماسی، پلانیش هەیە كارگەیەكی بەرهەمهێنانی ئالیك دابنرێت و دوای پڕكردنەوەی پێویستیی ناوخۆ، لە ئایندەدا بەرهەمی ئەم پڕۆژەیە هەناردەی بازاڕەكانی عێراق و وڵاتانی كەنداو بكرێت.
ئامانج لە دروستكردنی ئەم پڕۆژەیە، پڕكردنەوەی پێویستیی ناوخۆ و پەرەپێدانیەتی بۆ ئاستێك بتوانرێت هەناردەی دەرەوە بكرێت، لە قۆناغی یەكەمی دەتوانێ لە ساڵێكدا 21 ملیۆن پەنجەماسی و هەزار و 200 تۆن گۆشتی ماسی بەرهەم بهێنێت.
گرنگترین سەرچاوە ئاوییەكان بۆ ڕاوەماسی لە هەرێمی كوردستان
- بەنداوە گەورەكان: دەریاچەی دوكان، دەربەندیخان، بەنداوی دهۆك و بەنداوی گۆمەسپان.
- ڕووبارەكان: زێی گەورە، زێی بچووك و ڕووباری فیشخاپوور.
لە هەرێمی كوردستان پڕۆژەكانی بەخێوكردن زیاتر لە 400 پڕۆژەی مۆڵەتپێدراو و چەندان پڕۆژەی ستراتیجیی گەورە، بە سیستمی پێشكەوتوو لە كوردستاندا هەن كە بەرهەمی ناوخۆیی دابین دەكەن.
وەرزی قەدەغەكردنی ڕاوكردن
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ساڵانە لە وەرزی گەرادان و زاوزێی ماسی (لە بەهاردا) ڕاوكردن قەدەغە دەكات بۆ پاراستنی سامانی ماسی. دوای تەواوبوونی ئەم ماوەیە (نزیكەی ناوەڕاستی مانگی حوزەیران)، ڕاوكردن بە شێوازی یاسایی دەست پێ دەكاتەوە. هاوكات ڕاوكردن بە كارەبا، ژەهر و تەقەمەنی بە توندی قەدەغەیە.
بەرهەمهێنانی ماسی لە هەرێمی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا گەشەكردنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە قۆناغی دابینكردنی پێداویستی ناوخۆییەوە بەرەو قۆناغی هەناردەكردن هەنگاوی ناوە. كوردستان خاوەنی سەرچاوەی ئاوی دەوڵەمەند و پڕۆژەی ستراتیجی گەورەیە كە نەك تەنیا لەسەر ئاستی عێراق، بەڵكو لەسەر ئاستی ناوچەكەش گرنگیی تایبەتیان هەیە.
پڕۆژە ستراتیجییەكان و ناوچە سەرەكییەكان
گەورەترین پڕۆژەی ماسی لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان لە پارێزگای دهۆك جێبەجێ كراوە كە سیستمێكی تەكنەلۆجیی پێشكەوتوو بەكار دێنێت.
- پڕۆژەی ماسیی دهۆك: یەكێكە لە پڕۆژە هەرە ستراتیجییەكان كە سەتان دەرفەتی كاری ڕەخساندووە و توانای هەناردەكردنی هەیە.
-ناوچەی تەقتەق: بە یەكێك لە گەورەترین و ناسراوترین ناوچەكانی بەرهەمهێنانی ماسی دادەنرێت لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم.
- حەوز و بەنداوەكان: ماسی لە ڕێگەی حەوزی دەستكرد، قەفەسی سەرئاوكەوتوو لەسەر بەنداوەكانی وەك دوكان، دەربەندیخان و دهۆك بەرهەم دێت.
بازاڕكردن و هەناردەكردن
* بازاڕی ناوخۆیی و عێراق: بەشێكی زۆری بەرهەمی ماسیی كوردستان، ڕەوانەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەكرێت.
* هەناردەی دەرەوە: پڕۆژە نوێیەكان ئامانجیان هەناردەكردنی ماسیی كوردستانە بۆ وڵاتانی هاوسێ و دەروبەر، بەتایبەت وڵاتانی كەنداو.