شاندێكی هەرێم دەچێتە بەغدا و رێككەوتن واژوو دەكرێت

:: AM:08:44:17/06/2026 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی تەكنیكیی حكوومەتی هەرێم بە مەبەستی داڕشتنی ڕەشنووسی كۆتایی بۆ جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا بچێتە بەغدا، رێككەوتن واژوو دەكرێت.
 
بەپێی زانیارییەكان ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی حوزەیران، شاندێكی هونەری لە هەرێمی كوردستانەوە دەچێتە بەغدا، ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر سیستمی ئەسیكۆدا دەكەن. 

شاندی هەرێمی كوردستان لە لیژنەكانی گومرگ، بازرگانی، كشتوكاڵ، پیشەسازی و كوالێتیی كۆنترۆڵ پێكهاتووە، لەڕووی تەكنیكییەوە لێكتێگەیشتنەكەیان لەبارەی جێبەجێكردنی سیستمەكە بەتەواوەتی ئامادە كراوە، لەم سەردانەیان واژووی دەكەن.

بەپێی زانیارییەكان، سبەی پێنجشەم واژوو لەسەر ئەو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنە دەكەن كە لە كۆبوونەوەكانی ڕابردوو نووسراوەتەوە، بۆ ئەنجوومەنی ئابووری دەنێرن بەمەبەستی پەسندكردن.

جگە لە سیستمی ئەسیكۆدا، شاندەكە گفتوگۆ لەسەر یەكخستنی پێناسی گومرگی دەكات. بەپێی ڕێككەوتنەكە، پێویستە دەروازە سنوورییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەیەك سیستم گومرگیان هەبێت. لە پاش واژووكردنی ئەم ڕێككەوتنە، كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان دەچنە ناو سیستمەكەوە و هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییەكانی.

جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا لە هەرێمی كوردستان یەكێكە لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەویش رێككەوتنی لەسەر دەكرێت و خاڵێكی تری ناكۆك نامێنێت.







وشە - سۆران عەزیز