وێڕای ئەوەی چەندان جار هەوڵەكانی عێراق بۆ زیندووكردنەوەی هێڵی نەوتی كەركووك- بانیاس شكستی هێناوە، كەچی ئەمجارە لەسەر داوای ئەمەریكا ئەم كارە دەكات و داوایشی لێ دەكرێت پڕۆژەكە بە كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بدات.
ئەمڕۆ چوارشەم 17ی حوزەیران، رۆژنامەی عەرەبی جەدید باسی لەوە كردووە، سەردانەكەی دوێنێی تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق، تەنیا مەبەستی سیاسی نەبووە، بەڵكو ئابووریش بووە، بەتایبەتی و بەشێوەیەكی سەرەكیش سەرنجی ئەمەریكا بۆ زیندووكردنەوە بۆڕیی نەوتی كەركووك- بانیاس بووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە راپۆرتەكەدا بڵاو كراوەتەوە، ئەمەریكا دووپاتیشی كردووەتەوە دەبێت پڕۆژەكە بە TI Capital بدرێت كە كۆمپانیایەكی ئەمەریكییە.
هێڵی كەركووك- بانیاس درێژییەكەی 800 كیلۆمەترە و نەوتی كەركووك بە بەندەری بانیاسی سووری دەگەیەنێت. ئەو هێڵە لە ساڵی 1952 دامەزراوە و چەندان جار ئەو بۆڕییە وەستاوە، یەكەم جار لە سەرەتای 1980 لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی عێراق و ئێران وەستا، جارێكی تر لە نەوەتەكان دەستی پێ كردەوە و جارێكی تر لە 2003 وەستا، جاری سێیەم لە دوای 2012 بۆ ماوەیەكی كەم كەوتە كارەوە، بەڵام لەگەڵ داگیركارییەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریا و عێراق، جارێكی تر وەستا و تا ئێستەیش نەكراوەتەوە، بەگوێرەی هەندێك خەمڵاندن زیاتر لە هەشت میلیار تێچووی پڕۆژەكە دەبێت.