لە سلێمانی سۆلار بازاڕی گەرمە.. چوار هەزار و 61 هاوبەش دایانناوە

:: AM:11:07:20/06/2026 ‌
بەپێی ئاماری وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە  سلێمانی زۆرترین سیستمی سۆلار دانراوە و تا 14-6-2026، ژمارەی هاوبەشان گەیشتووەتە چوار هەزار و 61 هاوبەش.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كارەبا، خواست لەسەر سیستمی سۆلار لە سلێمانی گەلێك زیاترە لە شارەكانی تری كوردستان، ئەمەش كاریگەریی زۆری لەسەر ژینگە و تێچوو دەبێت.

 نوێترین ئاماری بەشی وزە نوێبووەكانی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی بڵاو كردەوە كە تا 14-6-2026 تۆمار كراون، گۆڕانكارییەكی بەرچاو لە بەكارهێنانی ئەم سیستمەدا بەراورد بە مانگی پێشتر ڕووی داوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی دەڵێت، لە شەشی پێنجی 2026، ژمارەی هاوبەشان سێ هەزار و 746 هاوبەش بووە و بڕی بەرهەمهێنان 91.623 مێگاوات بووە.

تا 14-6-2026، ژمارەی هاوبەشان گەیشتووەتە چوار هەزار و 61 هاوبەش و بڕی بەرهەمهێنانیش بۆ 96.140 مێگاوات بەرز بووەتەوە.

لە ئاستی دنیاش سیستمی سۆلار بایەخی زۆر پێ دەدرێت، لەبەرئەوە كارەبایەكی خاوێنە و هیچ مەترسییەكی بۆ سەر ژینگە نییە، بەپێی ستانداردە جیهانییەكان، تا ساڵی 2030 زۆربەی بەرهەمهێنانی كارەبا بەپشتبەستن بە وزەی نوێ دەبێت.

لەبارەی تێچووی دانانی سیستمی سۆلار، ئەندازیاری كارەبا سامی سەعید بۆ "وشە" روونی دەكاتەوە، "سەرەتا دانانی سیستمی سۆلار پانێڵ تێچوویەكی زۆری دەبێت، بەڵام دواتر هیچ تێچوویەكی نییە و لە كۆی ساڵەكە پارەیەكی باش بۆ بەشدارەكە دەگەڕێتەوە".

وەزارەتی كارەبا و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەیانەوێ رێژەیەك لە كارەبا بە سیستمی سۆلار و سوودوەگرتن لە وزەی خۆر دابین بكەن، بەڵام ئێستە گەورەترین ئاستەنگ كە رێگرە لە بەردەم پڕۆژەكەدا، نەبوونی بودجەیە". ئەندازیار سامی وا دەڵێت.




وشە - سۆران عەزیز